ناڕوونیی چارەنووسی ژنە چالاکێکی کورد، پاش دەسبەسەرکرانی

14:21 - 29 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، پاش گوازتنەوەی لە زیندانی ژنانی \"قرچک\" بۆ گرتنگەی \"وەزەرا\"، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، موژگان (مایا) کشاوەرز، ژنە چاڵاکێکی کورد، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، یەکێک لە ناڕەزاییانی \"حیجابی زۆرەملی\"، پاش گوازتنەوەی لە زیندانی ژنانی قرچک، بۆ گرتنگەی وەزەرا، چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە کوردە، یەکێک لە ناڕازییانی حیجابی زۆرەملی لە ئێران بووە و بە دانی گوڵ بەو کچ و ژنانەی کە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا لە مێترۆی شاری تاران سەریان ڕووت کردبوو، دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ژنە چالاکە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بانەمەڕ، بۆ وەرگرتنی دانپێیانی زۆرەملی لە زیندانی ژنانی قرچک، بۆ گرتنگەی وەزەرا ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی، لە مافی گرتنی پارێزەر بێبەری بووە و چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

موژگان کشاوەرز، هەروەها بە تۆمەتگەلی وەک \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، \"کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی\"، هاندان بۆ لابردنی حیجابی زۆرەملی\"، لە لایەن دەزگای قەزاییەوە، تاوانبار کراوە.