ناڕوونی چارەنووسی چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد پاش ٦ مانگ لە دەسبەسەر کرانی

19:39 - 17 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد، پاش ٦ مانگ لە دەسبەسەرکرانی، هێشتا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەوای گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕینی ٦ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی \"کاوە بابامورادی\" چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە ژینگەپارێزیە بۆ لێکۆڵینەوە هەنووکە لە گرتووخانەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری سنە دایە و دادستانی ناوبراوی بە هۆی تەواو نەبوونی لێکۆڵینەوەکەی، ئەو چالاکە ژینگەپارێزەی لە بوونی پارێزەر بێبەری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەم چالاکە ژینگەپارێزیە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، چەند جارێک لە ڕێگای تەلەفوون پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەر بووە.

کاوە بابا مورادی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ، لە شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.