نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ هەڤاڵی بەڕێز جەنابی مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان

20:06 - 12 جۆزەردان 2715
Unknown Author
ئاگری ئیسماعیل‌نژاد

سڵاوێکی گەرم

وێڕای هیوای لەش ساغی و سڵامەتی لە ٤٠مین ساڵیادی دامەرزاندنی یەکیەتیی نیشتمانیدا، پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەو حیزبەت لێ دەکەم؛ من پێچ و پەنام نییە و بۆیە رێک دەچمە سەر بابەتەکە، لە بیرمە لە ساڵی ٢٠١٢دا بە بۆنەی دامەزراندنی یەکیەتییەوە لە رێگەی کاناڵی گەلی کوردستانەوە هێندێ بیرەوەریت لەسەر چۆنیەتیی دامەزراندنی یەکیەتی و ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی لەسەر رێتان بووە، گێڕایەوە؛ منیش بە بۆنەی ٤٠مین ساڵیانی دامەزراندنی یەکیەتی و پاش ئەو گرژییەی کە هاتۆتە نێوان پێ‌کاکا و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەسەر ئەو هەڵوێستە نافەرمییەی یەكیەتیی نیشتمانیی کوردستان کەلە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا هەیبوو، دەمەوێت بیر \"لوتفێکی برایانە\" و \"قەرزێکی کۆنتان\" بخەمەوە!!

پێوەندیی نێوان رۆژهەڵات و باشوور لە پێوەندیی نێوان هەموو پارچەکاندا زیاتر بووە و هەیە و لەو نێوانەشدا پێوەندی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاو ئەوەی کە حیزبی دوو پارچەی جودا بوون زۆر خۆش بووە و پێوەندی زۆر بەرینیان لەگەڵ یەک بووە من وەکوو بەرەی چواری نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات قسەت لەگەڵ دەکەم بەرەیەک کە بە \"کەش‌ووەردانەوەی\" مێژوو لێمان روونە کە بەڕێزتان کارتێکەریتان لەسەر دۆخی ئەمڕۆی ئێمەدا هەبووە.

زۆر دوور ناڕۆم دەمەوێ بیر دوونامەت بخەمەوە، نامەی یەکەم ٢١/٧/١٩٩٦و نامەی دووهەم لە ٢٠/١٢/١٩٩٦ لە هەر دووکیاندا داواتان لە سکرتێری ئەو کاتی حدکا کردووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باشوور و دەستکەوتێک کە پاش راپەرینی ١٩٩١ پێکهاتووە حیزبی دێموکرات \"چالاکیی چەکداری\" رابگریت، لە نامەی ٢٠/١٢/١٩٩٦دا بە زمانێکی نێوان دیپلۆماسی و هەڕەشە هۆکاری ئەو داوایە دێننیە گۆڕێ و لە کۆتاییشدا دەنووسن: \"ئیتر هیوادارم لوتفی برایانەتان لەگەڵ برایانتان لە کوردستانی عێراق زیاد ببێتەوە و خێرێکمان پێبکەن و وەزعەکەمان رەچاوان بگرن\". زۆر جاریش لەسەر ئەو دانووستانەی کە بەڕێز دوکتور قاسملوو لەگەڵ بەغدا بۆی رێکخستن باسی ئەوەت کردووە کە \"من قەرزداری قاسملووم\" هەست بە\" بەرپرسایەتی لە ئاست پارچەکانی‌تر\" و \"ئەخلاقی سیاسی\" وای لێ کردین پێملی بریارێک بین کە هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە تێدانەبوو١

پاش ئەو رووداوە چارەنووسمان زۆر لەوەی کە بیرمان لێ دەکردەوە تراژیکتر بوو دەیان فەرماندەر و پێشمەرگەمان پاش ئەوەی چەکەکانمان لە ئاست کۆماری ئیسلامی بێ‌دەنگ بوو، لە باشووری کوردستان درانە بەر دەسترێژی گوللەی کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی و پێشتریش کە پاسدار هەتا نێوماڵەکانمان لە دەشتی کۆیە هاتبوون، و رادیو دەنگی کوردستانیش داخرا؛ بێ‌دەنگی و دانبەجەرگی خۆ داگرتن بۆ پاراستنی باشوور لەسەر داوای ئێوە، ببوو بە هێمای خەبات و نیشانەی شۆرش!! کەس هەبوو؟! غیرەتی ئەوە بکات و بلێ \"ئیتر بەسە\" و ئەگەر ئەوان کوردن و دەبێ ئێمە \"لوتفی برایانەمان\" لەگەڵیان هەبێت خۆ ئێمەش کوردین \"لوتفی برایانەمان ناوێ\" لانیکەم مەهێلن بمانکوژن.

حەکایەتەکە هەر بەوە کۆتایی نەهات چارەنووسی شۆڕش رۆژ بە رۆژ تراژیکتر دەبوو؛ پۆل پۆل پێشمەرگەی ئێمە کە ساڵانێک خەویان لە چاوی ئاغاکانی تاران سەندبۆوە \"وەکوو توو هەرزن بە دنیادا\" بڵاو بوونەوە هێندێکیان بە خەیاڵی ئەوەی کە رۆژێک داستانی قارەمانیی خۆیان بۆ منداڵەکانیان بگێرنەوە روویان لە هەنداران کرد ئەو خەیاڵەیان هاتەدی بەڵام کاتێک دەیانویست بە منداڵەکانیان بلێن:

کوڕی خۆشەویستم!! کچی شیرینم!!
من ئەو قارەمانەم کە شەوانی تۆف و سەرمایان بەناوی منەوە کردبوو!!

من ئەوە کەسەم کە دەیان جار کەپۆی قاسمی سولیمانییەکانم شکاندووە منداڵەکانیان بە بزەیەکی تاڵەوە دەیانگوت بابە بۆ ناخەوی!! نیشتمان لای منداڵەکانی ئەوان ببووە، تارمایی‌یەک لە رێگایەکی باریکی نێو قەد کێوێکی رووتەنە و کچێکی لادڕاو؛ نیشتمانی باوکیان بۆ ئەوان هێندی خەونی ئاڵۆزی باوک و دایکێک و هیچ‌تر نەبوو!!

هێندێ چارەنووسیان لەوەش رەش‌تر بوو ئەوان چەک و رەختەکانیان هێندە خۆش دەویست تەنانەت قاقری دەشتی کۆیەش نەیتوانی لێیان بستێنێتەوە و هەموو رۆژێ چەکەکانیان دەردێناوە و روونیان دەکرد و رەختەکانیان بە حەسرەتەوە سەیر دەکرد ئەوانە ئێستا پارێزەری هەرێمێک بوون کە نە تەنیا هیچ مافێکیان بەسەریەوە نەبوو، بەڵکوو گیان و ژیانیشیان تێدا پارێزراو نەبوو.

رۆژهات و رۆژ رۆی، خەبات لای ئێمە بووە \"ئەفسانە\" دەنگ هاتن لە چەکەکان بووە \"خەیاڵی خاو\" لە کوولەکەی تەڕیشدا باسی ئێمە و \"لوتفی برایانە\" نەمابوو کە باسیشتان دەکرین بە تەوسەوە ناوتان دێناین هەڤاڵ مەلا بەختیار چاوی لە کامێرای رووداو بڕی و گوتی: \"شۆڕش لە رۆژهەڵات نەماوە\".

بەو قسەی مەلا بەختیار بیر پەندێکی کوردیی کەوتمەوە، دەڵێ: \"خۆت لە رێی بۆرە سوار بدە بە کوشت ئەو دەڵێ لە گۆڕی بم بە دەردی خۆی تۆپی\".

بەوەش ڕازی بووین کەچی فەرشی سوورتان بۆ سەحراروودیش راخست چوون \"لوتفی برایانە\" شۆڕشی رۆژهەڵاتی خستبووە سەر هەڵدێری نەدامەتی.

ئێستا بڕیارمان داوە بچینەوە سەر سنوور، شۆڕش بە یاغی‌بوون دەکرێت؛ کەسی شۆڕشگێڕ بەیدەستە؛ ئەوە خۆت باش دەزانی هەر شۆڕشێک بۆ ئەوەی کەلە \"وەهمەوە\" بگۆڕدێتبە\"واقیع\" و لە \"هەلدێرە\" و ببێ بە \"راستەڕێ\" دەبێ هێندێ کەس دوور لە هەموو لێکدانەوە لۆژییکەکان یاغی ببن، هەتا واقیعێکی نوێ دابمەزرێنن و بیسەپێنن وەکوو مەحووی دەلێت:

\"بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم!
بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم!

دەمێکە شاری پڕ شۆری مەحەببەت مات و خامۆشە
بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم!\"

پاش ئەوەی چووینەوە سەر سنوور ورد و درشتی یەکیەتی \"دەمی لێ کردینەوە و چاوی لێ قووچاندین\" نە \"قەزرداری\" لە بیر ما نە \"لوتفی برایانە\" رێزێکی لێ گیرا دەلێن: \"ئێمە دەکەوینە مەترسییەوە\"؛ دەلێن: \"مافی شۆڕشتان نییە\"؛ تەنانەت دەڵێن: \"شۆڕشتان پێ‌ناکرێت\"؛ لە هەموو سەیرتر دەڵێن: \"هەلی شۆڕش نییە\".دەلێن و دەلێن و دەلێن بەڵام نابیستن و نابیستن و نابیستن.

هەڤاڵی بەڕێز ئەوە ١٩ ساڵە چەکەکانمان بێ‌دەنگ و ئەوەی ١٩ساڵە \"شەقی باشوور بە قونی ئێمەوەیە\" و ناوی ئەوە شەقەمان ناوە \"لوتفی برایانە\". لەوە زیاتر چیتان دەوێت وەکوو کوردیش دەلێ: \"پێاو ئەگەر بە کەم نەزانی بە زۆریش نازانی\".

هەڤاڵ مام جەلال من باسی ئەوە ناکەم کە کۆماری ئیسلامی دۆستی کوردە، یان نا؟ چوون خۆت زۆر باشتری دەزانی کە کۆماری ئیسلامی هەتا کوێ دۆستی هەرێمی کوردستانە، لێرەدا پرسیارێکی ترم هەیە ئایا دەتوانی ئەو لۆژیکەی نێو سیاسەتی شەهید د. قاسملوو رەت بکەیتەوە کە دەیگوت: بۆ سەربەخۆی پارچەیەک لە کوردستان دەبێ شۆڕش لە هەموو پارچەکان لە چەلەپۆپەی خۆی دابێت؟!

پرسیارەکە بە پرسیارێکی‌تر درێژە دەدم، ئێوە دڵنیان لەوەی کەلە داهاتوودا ئێمە دراوسێیەکی باشتر لە کۆماری ئیسلامی نابین بۆتان؟

خۆ ئەگەر یەکیەتی ٨٥٠ کیلومیتر سنوور لەگەڵ ئێران هەیە!! ئەو مەودایە هەموو کورد تێدا دەژی و خاکی کوردستانە.

رەنگە لێرەدا دیسان باس لە ریالپۆلتیک بکەن و بلێن واقیعی سیاسی وای کردووە، ئێمە ئەو هەڵوێستە بگرین!

هەڤاڵی هێژا، خۆت باش دەزانی واقیعی سیاسی ئەوەیە کە گوتاری٢ کورد لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاستدا پێناسە دەکرێت و تایبەت بە وڵاتێکی دیاری کراو نییە و بۆ سەرکەوتنی ئەو گوتارەش دەبێ هاوسەنگییەک لە بەرەنگاربوونەوە بەرانبەر هەر چوار وڵاتە داگیرکەرەکەدا لە ئاست چوار پارچەی کوردستاندا هەبێت، خوێندەوەیەک لە گوتاری کوردی لۆژیک و واقیعییە کە شۆڕشی کوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاستدا هەڵسەنگێنێ و دۆست و دوژمنی بۆ وەبینێ؛ ئەگەر باوەڕتان بەوەش نەبێت کورد ناتوانێ بە هۆی سەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی \"هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی\" کورد ناتوانێ خۆی لە سیاسەتە ناوچەیی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی لا دا.

بە دڵنیایی‌یەوە ئەگەر هێزێک نەبێت بەر بە کۆماری ئیسلامی بگرێت بێگومان هەر چەشنە دەستکەوتێک لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا هەبێت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو مەترسییەک بۆسەر سیاسەتی ناوچەی ئێران سەیر دەکرێت.

ئێوە وەکوو هەرێمی کوردستان و وەکوو یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان \"قەرزدارن\" ئێستا ئەگەر \"لوتفی برایانەشتان\" لەگەڵمان نەبێت و حاشا لە قەرزداربوونتان دەکەن و خۆ دەکرێ شانمان بۆ شل بکەن کە خۆمان ئەوەی لە دەستمان هات بیکەین. لەبەر ئەوەی ئێمەش وەکوو ئێوە کوردین، هیچ زیاتر نا، لەوە زیاتر قەرزدارمان مەکەن.

پاوەرەقی
١ بڕوانە کتێبی ئەزموونی خەبات، ژیان و خەباتی عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ،هەیاس کاردۆ چاپی یەکەم، هەولێر لاپەرەی ٤٣٦،٤٣٧

٢ زاراوەی گوتار لە بەرانبەر زاراوەی \"کێشەی کورد، یان دۆزی کورد\" داندراوە
ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە