نامەیەکی سەرئاواڵە بۆ ڕێزدار بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان!

20:00 - 22 رێبەندان 2715
Unknown Author
محمد سلێمانی

وێرای پشتیووانیکردن لە بیرۆکەی ڕاپرسی نەتەوەی لە پێناو چەسپاندنی ئامانجی سەربەخۆی کوردستان کە \" سەرۆکی هەرێم ڕێزدار بارزانی\" لە ئێسادا هێناویەتە ئاراوە، بەهەنگاوێکی بوێرانە سیاسی و نەتەوەی سەیر دەکەم. بەڵام هەرلەوپەیوەندیەشدا خستنە رووی خاڵێك بەگرنگ و پێویست دەزانم لێرەدا سەرنجی وردی بخەینەسەر و بەروونی و دوور لە مەبەستێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باسی ئەو باروزروفە بکەین کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هاونیشتیمانیان بەدەستیەوە دەناڵێن. بڕین یان کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ژێرناوی \" پاشەکەوت\" کردندا، بەدڵنیایەوە ئالۆزی زۆری بەدوایخۆیدا هێناوە و دەکرا ئەو بابەتە و یان پێك هێنانی گۆڕانکاری لە مووچەی فەرمانبەراندا،درابایە دەستی کەسانی شارەزای ئەو بوارە و یان بخرایە دوای ڕاپرسیەکە . ئەو کەش و هەوا سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەی ئەمڕۆ باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشاوە، کە بڕینی بەشەبوودجەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ناوەندەوە وەك فشارێکی ئابووری، بەڵنیایەوە پیلانی دوژمنانی گەلی کوردی لە پشتەوەبوو و، نەیارانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد چاویان بە گەشەکردنی سیاسی و ئاستی پەیوەندیە دیپڵۆماسیەکانی کوردستان هەڵنایەت. ئەو قەیرانەی کە بەمدوایانە رووی لە هەرێم کردوە و بەرمانبەران بۆ ماوەی نزیك بە 5 مانگ دەبێت مووچەیان پێنەدراوە و لە بێزاری و هەراسانی بەدەست نالەباری ژیان و گۆزەرانیان ، زۆربەی کۆمەڵگای هێناوەتە سەر شەقام . لە بارودۆخێکی وەك ئەمڕۆدا پرسی ڕیفراندۆم رەنگە بەلای من و زۆر خەڵکی دیکەی لایەنگری ئەو پرۆسە نەتەوەیە بەتەواوی لە جێگای خۆیدا نەبێت و ناڕەزایەتی خەڵك لە حکوومەت بە مەترسی لە سەر پڕۆسەی ڕاپرسی لێکدەدەنەوە و هەربۆیەش وەك کوردێك داواکارم لە بەرێز بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەك زۆر بەجیدی لە سەر \"پرسی نەتەوەی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کاردەکات، بەو لێبڕاوی و بەرپرسیارەتیە مشووری چارەسەکردنی قەیرانی دارای و ئاسایکردنەوەی بارودۆخی بژیوی ژیانی هاووڵاتیانی بخوات\".

سەبارەت بە ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان کەوا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەڕێوەبچێت وتەیەکی گەورە پیاوی مێژووی نوێی گەلی کورد دکتۆر قاسملوو وەبیردەخەمەوە کە لە مانیفێست و تێزە سیاسی و ئابووریەکەیدا دەڵێت\" ئازادی ئەگەر نانی لە گەڵدا نەبێت، مانایەك بۆ ژیانی مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگادا ناهێلێتەوە\" هەر بۆیە نان و ئازادی بەدوو دیاردەی تەواوکەری یەکدی سەیردەکات. مانای ئەو وتەیە بەو واتایە دێت کە مرۆڤ وەك بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی ئەگەر ئازادی هەبێت و، بەڵام زگیبرسی بێ و نانی نەبێت بیخوا، دیسان هەست بە ناتەواوی و کەموکرتی دەکات و خۆی لە چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان هەڵدەپەسیرێت و هێندێك جار لە پێناوی باشترکردنی ژیانیدا پەنا دەباتەبەر خۆپێشاندان و مانگرتن. حوکمڕانی سیاسی و نەتەوەی کاتێك دەبێت هەست بە ئاسایش و ئامان لە ئاستی خەڵکەکەیدا بکات کە توانی بیت ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی بەگوێرەی پێوەرە نێونەتەوەیەکان دەبین بکا و ئەگەر ئەوەش نەگونجا لانیکەم بیر لە چارەسەردنی قەرانەکان بکرێتەوە .

کوردی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر کە شارەزای ڕابردووی سیاسی و مێژووی گەلەکەیەتی ، نابێت دژی ئەو هەنگاوانە بوەستیەوە کە بەرەو سەربەخۆی کوردستان دەنرێن . بەڵام ئەو قۆناخەی کە بڕیارە ڕاپرسی تێدا ئەنجامبدرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەداخەوە هەلومەرجەکەی بەتەواوی بۆ پێك نەهاتووە و بەتایبەتی قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هۆکاری ئەساسین لە بەردەم بەشداری بەربڵاوی خەڵك لەو پرۆسە نەتەوەیەدا. شەقامی کوردی لە جیاتی سەرقەڵبوونیان بەمەسەلەی سەربەخۆی و بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمدا، ڕۆژانە نارەزایەتی و بێزاری دەردەبڕن لە پێناو چارەسەرکردنی ڕیشەی هەلومەرجی ئابووری خۆیان وەك فەرمانبەر. دیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبوو زۆر دەمێك بوایە بەرنامەی درێژخایەنی ئابووری وەك بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری وڵات داڕشتبا و بیر لە پاشەکەوتکردنی داهاتی گشتی کوردستان بۆ ڕۆژەسەختەکان بکرابایەوە. زۆرینەی دانیشووانی هەرێمی کوردستان زۆر بەخوێن ساردیەوە بیر لە پرۆسەی سیاسی و سەربەخۆی دەکەنەوە و زۆرتر خەیاڵیان لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیانە و تاکی کورد لانی کەم لە ئێستادا دەنگ بەژیان و گۆزەرانی خۆیدەدات و پشتوانی لە بارودۆخێك ناکات کە ئاسۆی بژیوی ژیان و گۆزەرانی ئابووری بەتەواوی نادیار و تاریك بێت.

لە ئێستادا بزە لە سەر لێوی خەڵك بڕاوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان خەریکە بەرەو کزی دەڕۆن. شەقامی کوردی وەك پێویست گرنگی بە پرۆسەی \" ریفراندۆم\" نادات. هۆکارەکەی بۆ هەموو لایەك روونە و سەرکردایەتی سیاسی و بەتایبەت ڕێزدار \" مەسعود بارزانی\" وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بە مرۆڤێكی نەتەوەی و بەمشور ناسراوە، پێویستە سەرەتا بەسەر قەیرانە نێوخۆیەکاندا زاڵبێت و لانیکەم بۆ بارودۆخی هەڵبژاردن، باری ئابووری و دارای هاووڵاتیانی بەرەو باشتربوون بەرێت. ئەگەر نا ڕێژەیەکی زۆر کەم لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەکەن.

ئەو بابەتە ڕا و سەرنجی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ناوەڕۆکەکەی بەرپرسیار نیە.