نامەی ١٤ چالاکی مەدەنیی کورد: رەزا شەریفی بۆکانی، تەنیا چالاکێکی مافی مرۆڤە

15:49 - 8 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد، بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک، لە هەمبەر تۆمەتەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، پشتیوانییان لە رەزا شەریفی بۆکانی کرد.

لەو نامەیەدا پێداگرییان لەسەر چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی رەزا شەرفی بۆکانی کردۆتەوەو هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانیان بە سیناریۆیەکی نوێ وسف کردووە.

کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران، رەزا شەریفی بۆکانییان بانگهێشت کرد و بەرپرسیارەتیی گیانی کەسێکیان بەناوی \"ئارەش درووزی\" خستە ئەستۆی ناوبراو.

لە بەشێکی نامەکەدا هاتووە؛ نزیک بە ٣ مانگ پێش ئێستا دایکی یەکێک لە ئەندامانی وەزارەتی ئیتلاعایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە تاران بەناوی ئارەش درووزی کوڕی رەحمەتوڵڵا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە باوکی رەزا شەریفی بۆکانی چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی کوردی گوتبوو، کە کوڕەکەت بەم زووانە رەوانەی ئەو گۆرستانە دەکرێتەوە، کە پێشتر تێدا بوو.

رەزا شەریفی بۆکانی سەرەتای ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراو دادگای ئینقلاب حوکمی ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیری بەسەردا سەپاندو ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج تێپەڕاندو لە ئێستاشدا ماوەی نزیک بە ساڵێکە لە زیندان ئازاد کراوە. لەو کاتەوەی کە لە زیندانیش ئازاد بووە هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراوەو بەرەوڕووی هەڕەشە بۆتەوە، و بە بیانووی ئەوەیکە لەگەل میدیاکانی دەرەوەی وڵات پەیوەندیت هەبووە، پێێ گوتراوە کە دەبێ لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا چالاکیت هەبێ.

هەر وەک میدیاکانی نێوخۆ و دەرەوە ئاگادارن، رەزا شەریفی بۆکانی لە ریزی یەکەمین زیندانیاندا بوو کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەجەوە بەوپەڕی بوێرییەوە لەگەڵ دوکتور ئەحمەد شەهید، راپۆرتێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا وتوێژی کردووەو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا لەگەڵ بەشی فارسیی دەنگی ئەمریکا باسی لە دۆخی نالەبار و دژواری بەندی زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج کردبوو.

ئەو چالاکانە نووسیویشیانە، درۆ، سووکایەتی، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی زیندانیان، نیشانەی کارلێنەهاتوویی حکوومەتی ئیسلامییە، کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە کارنامەکەی خۆیدا تۆماری کردووە.

دەکرێ بڵێین، ئەمە سیناریۆو فێل و تەڵەکەیەک بێت، کە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات دەیانهەوێ لەو رێگەیەوە ئارەش درووزی ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعات لەناو ببەن و رەزا شەریفی بۆکانیش بکەنە قوربانیی ئەو سیناریۆ داڕێژراوە.

بەم شێوەیە هیچ بەڵگە و شایەتێکی روون لەبەر دەستدا نییە، کە ئارەش درووزی لە ساڵی ١٣٨٩دا رۆڵی لە دەستبەسەر کرانی رەزا شەریفی بۆکانیدا هەبووبێت و لە ئێستاشدا بنەماڵەی ئەو ئەندامەی وەزارەتی ئیتلاعات رایدەگەیەنن کە گیانی کوڕەکەیان لە مەترسیدایە.

رەزا شەریفی بۆکانی بێ ئاگایی خۆی لەو مەسەلەیە دەربڕیوە.

ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مافی مرۆڤ، سینفی و چالاکانی خوێندکاریی کورد لە کوردستانی ئێران پشتیوانیی خۆمان لە رەزا شەریفی بۆکانی راگەیاندووەو داوا لە تێکرای ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت داوا لە ئەحمەد شەهید دەکەین لەو بارەیەوە هەڵوێست بنوێنن.

ئێمە واژۆکارانی ئەم نامەیە پشتیوانی لە رەزا شەریفی بۆکانی دەکەین و ناوبراویش تەنیا وەکوو چالاکێکی مافی مرۆڤ دەناسین، کە داکۆکی لە هاونیشتمانانی کوردی ئێرانی دەکات.

واژۆکاران:

١- سەحەر سەعادەتی – چالاکی مەدەنی
٢- ئەفشین سپێهری – چالاکی مافی مرۆڤ
٣- بێهنام شێرزاد – چالاکی سیاسی
٤- لەیلا کاویانی – چالاکی سینفی
٥- رەزا موکریانی – چالاکی مەدەنی
٦- شەهاب باباخانی – چالاکی سیاسی
٧- قەسیم میکاییلی – مافناس
٨- سامان رۆستەمی – مافناس
٩- کاوە رۆستەمی – چالاکی مەدەنی
١٠- بێهرووز وەفایی – چالاکی خوێندکاری
١١- عەبدولرەحمان جهانگیری – چالاکی سیاسی
١٢- نەسیم نەجاڕی – چالاکی خوێندکاری
١٣- دوکتور پارسا شەریعتی - مافناس و پارێزەر لە دادگاکان - تاران
١٤- مەعسوومە ئیشراقی - چالاکی مەدەنی