نامێق مەحموودی تاوانی راگرتنی چەک و تەقەمەنی پێ راگەیەندرا

14:41 - 22 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی نامێق مەحموودی زیندانیی کوردی خەڵکی شاری سەقز لە موحاربەوە بۆ راگرتنی چەک و تەقەمەنی کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی \"رەجایی شاری کەرەج\"ەوە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاند: نامێق مەحموودی تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەقز کە لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەری دایە، حوکمی راگرتنی چەک و تەقەمەنی پێ راگەیەندرا و ئەگەری ئەوە دەکرێ لە داهاتوودا بەو تاوانە دادگایی بکرێت.

پێشترلە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوودا ئەو زیندانییە بە ساڵاچووەیی خەڵکی گوندی \"ئێرانشا\"ی سەربە شاری سەقز لەلایەن دادستانی گشتیی تارانەوە ئاگادار کرابوویەوە کە بە تاوانی \"شەر لەگەڵ خودا\" دادگایی دەکرێت.

ئەو زیندانییە کوردە پاش زیاتر لە ١ ساڵ لە دەستبەسەر کران هەتا ئێستا دادگایی نەکراوە و پەروەندەکەی بە ناڕووونی ماوەتەوە.

نامیق مەحموودی رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ٣ کوڕی خۆی بە ناوەکانی \"مەنووچێهر، بێهنام و بێهزاد\" و کەسێکی دیکە بە ناوی \"عوسمان قادری\" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە لە گوندی ئێرانشا دەستبەسەر کران.