نامق هەورامی: یەكەم پیشانگای كتێبی كوردیی هەرێمی كوردستان لە سنە دەكرێتەوە

15:12 - 21 رێبەندان 2711
كوردپا: بۆ یەكەم جار پیشانگایەكی بەربڵاوی كتێبی هەرێمی كوردستان كە نزیك بە 2500 ناونیشانی كتێبی كوردیە، لە رێكەوتی 23 هەتا 29ی رێبەندان لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.

ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بە مەبەستی خستنە رووی زانیاریی زیاتر لە پێوەندییەكدا لەگەڵ نامق هەورامی وتەبێژی فەرمیی ئەو پیشانگایە ئەم پرسەی تاوتوێ‌كرد.

وتەبێژی فەرمیی پێشانگای هەرێمی كوردستان لە سنە لەمەڕ هەڵبژاردنی جۆر و بابەتەكانی كتێب بۆ ئەو پیشانگایە وتی: \"بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لەوانەیە هێندێ‌وڵات پێی باش نەبێت هێندی بابەتی كتێب ببرێتە وڵاتەكەیەوە، كە ئێمە رەچاوی ئەو مەسەلەیەمان كردووە\".

نامیق هەورامی ئاماژەی بەوەش دا ناونیشانی ئەدەبی، فەرهەنگی، مێژوویی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و... لەو پیشانگایەدا بەشدارن و تەنیا چاپ و بڵاو كراوەكانی وەزارەتی رۆشنبیری ناگرێتەوە، بەڵكوو دەزگاكانی دیكەی وەك: چاپ و بڵاو كردنەوەی سلێمانی، خانەی وەرگێڕانی سلێمانی، دەزگای سەردەم، دەزگای ئاراس لە هەولێر، دەزگای توێژینەوە و بڵاو كردنەوەی موكریانی و هەروەها ئاكادێمیی كوردی تێیدا بەشدارن كە سەرجەم نزیك بە 2500 ناونیشانی كتێبی كوردی لە پیشانگای سنەدا دەخرێنە روو.

نامق هەورامی لەمەڕ ئەگەری كردنەوەی ئەو پیشانگایە لە شارەكانی دیكەی كوردستان لە داهاتوودا وتی: ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی پێشوازیی خەڵك و هاوكاریی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتا بتوانین لە شارەكانی دیكەش ئەو پیشانگایە بكەینەوە، چونكە ئەمە یەكەم ئەزموونە بۆ كردنەوەی پیشانگای لەم چەشنە لە كوردستانی ئێران و ئێمە پێشتر دوو جار لە پیشانگای نێودەوڵەتیی تاراندا بەشدار بووین.