مەئموورانی ئینتزامی باخدارێکی کوردیان لە سنووری هەورامان بریندار کرد

16:45 - 29 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران باخدارێکی کورد و کرێکارانی باخێکیان لە هەورامان دایە بەر دەسڕێژی گوللـە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، باخدارێکی کورد بە ناوی "ئاراس شوکری" کە وێڕای کرێکارەکانی لە باخەکەیدا لە "تەختی جام" کاریان دەکرد لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تەقەیان لێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو دەسڕێژییەدا "ئاراس شوکری" و یەکێک لە کرێکارەکانی ئەو باخە بریندار بوونه.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە ش کردووە: "ئاراس شوکری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان بریندار کراوە و ناوبراو سکاڵای خۆی بۆ دادگا بردووە و داوای بەدواداچوونی ڕووداوەکەی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران ویستوویانە هاوکاریی ناوبراو بکەن و بۆ نەخۆشخانەی ببەن، بەڵام ناوبراو ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سدیق عەلیخانی" کوڕی "مەحموود" دانیشتووی گوندی "گوێزلی"ـی ناوچەی ئالانی سەردەشت لە مەزرای خۆی لە گوندی "بێژوێ" لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە تەقەی لێکرابوو.

ئەو هاووڵاتییە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی دەستی بە کاری کۆکردنەوەی "مازوو" کردبوو و کە بە هۆی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و بریندار بوو.