مەلا قادر قادری: نەمانتوانی خەڵکی کورد لە ڕوانگەی عەقیدەتییەوە، دروست بار بهێنین

17:06 - 4 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: پێشنوێژی هەینی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان، بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستان دژکردەوەی نیشان دا.

ڕۆژی هەینی ٢ی خاکەلێوە، مەلا قادر قادری، پێشنوێژی هەینی شاری پاوە بە ئاماژە کردن بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستان، ڕایگەیاند: \"لە هیچ کەس گلەییم نییە، تەنیا لە مامۆستایانی ئایینی نەبێت کە نەمانتوانیوە خەڵکی کورد لە ڕوانگەی عەقیدەتییەوە دروست پەروەردە بکەین.\"

\"\"ئەو پێشنوێژەی هەینی شاری پاوە نزیک لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە خوتبەکانی نوێژی هەینی ڕایگەیاندووە: \"ئێمە مامۆستایان، دەمانتوانی چاکسازی و کاری باشتر ئەنجام بدەین، دەبوو ئەو کەسانەی کە هۆگرن بە تێچووی زۆر و بێجێ بۆ خەرجکردنی ئەو بەرنامە بێناوەڕۆکانە، وادار بکەین یارمەتی هەژاران و لێقەوماوان بدەن، یان تێچوو بۆ ئەو کەسانەی کە زیندانی کراون بدەین. دەبوو ئەو کەسانە هان بدەین بە جێگای هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشی سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و چاویان بە نەخۆشەکان بکەوتایە، یان بە جێگای ئەو کردەوە بێئاکامانە چەند دارێکیان بچێندایە. بەڵام ئێمە نەمانتوانی ئەوانە پەروەردە بکەین و ئەمەش لاوازی هەموو ئێمە و حکوومەتی ئیسلامییە و دەبێت وڵامدەری مێژوو بین\".

سەرەڕای هەڕەشەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان، بە نیسبەت بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، هاووڵاتییانی کورد لە شار و گوندەکانی کوردستان، بە شکۆتر لە چاو ساڵانی پێشوو، ڕێوڕەسمی نەورۆزیان لە کوردستان بەڕێوەبرد.

بڵاوبوونەوەی وێنەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان و گوندی \"نییەر\" سەر بە ژاوەرۆی شاری سنە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشحاڵی کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تووڕەبوونی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی لێکەوتەوە.