مەسعوود کوردپوور دەستبەسەر کرا

00:18 - 20 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەممە مەسعوود کوردپوور لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا.

\"کەماڵ حوسێنی\" هاوکاری ئاژانسی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاند: سەرلە بەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ مەسعوود کوردپوور بەمەبەستی بەداواداچوونی پەروەندی خوسرەو کوردپوور سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری \"مەهاباد\"مان کرد، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان \"مەسعوود کوردپوور\"یان دەستبەسەر کرد.

ئەو رۆژنامەنووسە راشیگەیاند: کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ مەسعوود کوردپوور لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نییە.

پێشتریش مەسعوود کوردپوور رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژی ١٣٨٧ لەلایەن هێزە ئیتلاعتیەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە حوکمی ١ ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری \"تیکاب\"ی بۆ بڕایەوە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەممەی ئەمساڵ خوسرەو کوردپوور بەرپرسی ئاژانسی خەبەریی موکریان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە مەڕ چارەنووس و شوێنی راگیرانی لەبەر دەستدا نیە.