مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ئێزنی واژۆ کردنی وەکالەت‌نامەیان پێ‌نەدراوە

22:13 - 26 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: مەسعوود و خوسرەو کوردپوور هەتا ئێستا ئیزنی واژۆ کردنی وەکالەت نامەی \"عەباس جەماڵی پارێزەری پلە ١ی دادگوستەری\"یان پێ نەدراوە.

کەمەڵ حوسێنی هەواڵنێری ئاژانسی موکریان وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: کە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هاوڕێ لەگەڵ عەباس جەماڵی بەمەبەستی بینینی پەروەندەی برایانی کوردپوور سەردانی دادگای شاری مەهابادمان کرد، کە دیتمان هەتا ئێستا وەکالەت نامەی ئەو ٢ برایە نەخراوەتە سەر پەروەندەکەیان.

حوسێنی ئەوەشی خستەڕوو کە پارێزەری ئەو ٢ برا رۆژنامەنوسە رایگەیاندووە، نەبوونی وەکالەتنامە لەسەر پەروەندەی ئەو ٢ برایە بەمانای ئەوەیە کە هەتا ئیستا مەسعوود و خوسرەو کوردپوور ئیزنی واژۆ کردنی وەکالەتنامەکەیان پێ نەدراوە.

رێکەوتی ٢٤ی رەشەمەی ساڵی رابردوو، لە کاتێکدا پارێزەری مەسعوود و خوسرەو کوردپوور بە مەبەستی چاوپێکەوتنی ئەو ٢ برا رۆژنامەنووسە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادی کردبوو، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە وەکالەت‌نامەکەی لێ ئەستێندرابوو و پێیان راگەیاندبوو کە دواتر ئاگادارتان دەکەینەوە، بەڵام هەتا ئێستا سەرەڕای ئەوە کە ئاگادار نەکراوەتەوە، وەکالەت نامەکەی نەخراوەتە سەر پەروەندەی ئەو ٢ چالاکە فەرهەنگییە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئەمڕۆ دادستانی گشتیی شاری مەهاباد لە نامەیەکدا داوای لە ئیدارەی ئیتلاعات کرد کە مەسعوود و خوسرەو کوردپوور پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیان بگرن، بەڵام لەکاتی سەردانمان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات مەئموورانی ئەو ئیدارەیە ئەو داوایەی داستانی گشتییان جێبەجێ نەکرد.

خوسرەو و مەسعوود کوردپوور رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران و هەتا ئێستاش پاش ٤٠ رۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو ٢ برایە سەرەڕای بەدواداچوونی پارێزەر و بنەماڵەکەیان، هێچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.