مەرگی گوماناویی فیلمسازێکی کورد و براکەی لە شاری بانە

15:36 - 17 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: فیلمسازێکی کورد هاوکات لەگەڵ براکەی لە ڕووداوێکی گوماناویدا گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٦ی سەرماوەز، تەرمی سووتاوی ڕەحیم زەبیحی و براکەی بە ناوی کەیوان لە ماشینەکەی خۆیاندا دۆزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە حاڵێکدا دۆزراوەتەوە کە دەستەکانیان بەسترا بوون.

دەنگەبەرە حکوومەتییەکان لە کوردستان باسیان لەوە کردووە، کە ئەم فیلمسازە بانەیییە و براکەی به هۆی ئاگرگرتنی ماشینەکەیان گیانیان لە دەست داوە.

ئاگری ئیسماعیلنژاد، چالاکی سیاسیی کورد، سەبارەت بە مەرگی ئەم فیلمسازە بانەیییە، لە فەیسبووکی تاکەکەسیی خۆیدا نووسیویەتی: ڕەحیم زەبیحی دەرهێنەر بوو، یەکێک لە چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی بەرچاوی کوردستان بوو، که زۆرتر لە ١٠ فیلمی کورت و درێژی بەرهەم هێناوە. زەبیحی لە کەمپەینی یارمەتیگەیاندن به بوومەلەرزەلێدراوانی ئێزگله له شاری بانەدا چالاکیی بەرچاوی هەبوو و توانی دەیان میلیۆن یارمەتییان بۆ کۆ بکاتەوە. ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو لەگەڵ تەرمی براکەی کەیوان زەبیحی، لە نێو ماشینێکی پرایددا و لە حاڵێکدا کە دەست و لاقیان بەسترا بوون و بەتەواوەتی سووتابوون دۆزرایەوە، مەرگی ڕەحیم وەبیرهێنەرەوەی مەرگی شەهید شەریف باجوەرە. ئەو سێهەمین چالاکی مەدەنی کوردستانه که لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، تەرمەکەی بە سووتاوی دەدۆزرێتەوە. ئایا تێرۆرە زنجیرەییەکان لە کوردستاندا دووبارە دەستیان پێ کردووەتەوە؟

هەروەها، شاهد عەلەوی، ڕۆژنامەوانی کوردی دانیشتووی واشنگتۆن، لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: چەند سەرچاوەی دەرەوی ئێران هەواڵێکیان سەبارەت بە مەرگی ڕەحیم زەبیحی، فیلسازی بانەیی و براکەی کەیوان بڵاو کردووەتەوە. بەپێی ئەم سەرچاوانە تەرمی سووتاوی زەبیحییەکان لە نێو پرایدەکەیاندا لە حاڵێکدا دۆزراوەتەوە کە دەستیان بەستراوەتەوە و ئەمە یانێ کوژراون. ڕۆژنامەوانانی نێوخۆ دەتوانن بەدواداچوون بکەن؟

ڕەحیم زەبیحی، ساڵی ١٣٥٠ لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێ لە بەرهەمهێنەرە بەناوبانگەکانی کوردە. ناوبراو ١٦ ساڵ لە بواری هونەرە شانۆکارییەکاندا وەکوو دەرهێنەر و شانۆنامەنووس چالاکی کردووە و لە ساڵی ١٣٨١دا یەکەمین فیلمی کورتی خۆی بە ناوی \"هاوار\"ی بەرهەم هێناوە.

ناوبراو پاش فیلمی هاوار، فیلمگەلێکی کورتی دیکەی: \"سەتەلایت\"، \"کۆتایی شەڕ\"، \"ئیسترێس\" و \"ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران\"ی بەرهەم هێناوە، که هەموویان لە فستیڤاڵە جیاوازە نەتەوەیی و نێونەتەوەیییەکاندا پیشان دراون.