مێژووی رووناکبیریی فەرەنسی لەسەدەی بیستەمدا - بەشی یەکەم

19:42 - 9 بەفرانبار 2712
Unknown Author
وەرگێران بۆ کوردی؛ جەمال نەجاری

ن: رامین جیهانبەگلو



\"10466.jpg\"
پێشەکی؛
ئەو بابەتە کە \"مێژووی رووناکبیریی فەرەنسا\" لە خۆ دەگرێت، دەقی قسەکانی رامین جیهانبەگلو نووسەری ناسراوی ئێرانییە کە ساڵی 2005 لە \"ماڵی هونەرمەندانی ئێران\" پیشکەشی کرد.

رامین جیهانبەگلو لە وتەکانیدا رایگەیاند: ئێمە ئەگەر بمانەوێ باس لە چەمکی رووناکبیری لەسەدەی بیستەم بکەین، دەبێ باس لە فەرەنسا بکەین، چونکە رووناکبیریی فەرەنسا کاریگەری لە سەر رووناکبیریی ئێران داناوە.

جیهانبەگلو وتیشی: ئێمە وشەی \"ئەنتلێکتوال\" مان لە زمانی فەرەنسی وەرگرتووە و کردوومانەتە وشەی رووناکبیر.

بەم پێیە وشەی رۆشنبیر یان رووناکبیر راستەوخۆ لە وشەی \"روشنفکر\"ی فارسی کراوە بە کوردی، بە باشم زانی مێژووی رووناکبیریی فەرەنسا بنەما فەلسەفیەکانی رووناکبیریی فەرەنسا بخەمە بەر چاوی خوێنەری کورد، لە وەرگێرانەکەدا پتر هەوڵ ئەوەم داوە لە رووی ناوەرۆکەوە دەوڵەمەندی بکەم و گەڕاومەتەوە سەر سەرچاوەکان بە زمانی فەرەنسی، بەو هیوایە سوودی بۆ رووناکبیریی کوردی هەبێت.

\"10467.jpg\"
(رووداوی دریفوس 1898 لە فەرەنسا)
ئەگەر بمانەوێ \"مێژووی رووناکبیریی فەرەنسا لە سەدەی بیستەم\" بخەینە بەر باس دەبێ بەسەر (7) قۆناغ دابەشی بکەین؛
1- قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1898 بە رووداوی \"دریفوس\" دەست پێدەکات کە دەکرێ بە خاڵی دەسپێکی روناکبیری لە وڵاتی فەرەنسا ئاماژەی پێبکەین.
2- قۆناغی دووهەم لە پەیوەندی راستەوخۆ دەگەڵ شۆرشی رووسیا و پەرەپێدانی فاشیزم لە ئۆروپا دەخریتە بەر باس.
3- قۆناغی سێهەم، قۆنا‌غی بەرەی جەماوەری (Front populaire) لە شەڕی ئیسپانیا و شەڕی جیهانیی دووهەم لە لە ساڵی (1939) ە.
4- قۆناغی چوارەم، قۆناغی دوای شەڕی جیهانی دووهەمە لە 1945 تا 1968 کە دەکرێ بە ساڵەکانی سارتەر ناوی ببەین.
5- قۆناغی پێنجەم، قۆناغێکە کە دەکرێ بە ناوی قۆنا‌غی ئەندێشەی 68 و سەرهەڵدانی بیرمەندانی وەک؛ فۆکۆ، لیوتار، دلۆز، دریدا ناوی ببەین.
6- قۆناغی شەشەم، قۆناغی فەیلەسووفانی نوێیە کە لە سەرەتای 1970 دەست پیدەکات و تا ئێستاش بەردەوامە و قۆناغی رەخنەی توتالیتاریزم و سیاسەتەکانی چەپ لە وڵاتی فەرەنسایە.
7- سەرەنجام قۆناغی حەوتەم کە هەر ئەم قۆناغەیە وا تێدەپەڕێت، قۆناغی پووکانەوی بکەری سیاسی و بە قۆناغی پەرەسەندنی رووناکبیر- هاوڵاتی ناو دەبردرێت.

هەر کام لەم قۆناغانە بە روانینی فەلسەفی و کاریگەری فەلسەفی جۆراوجۆر ئاوێتە بووە کە دەکرێ دوای هەڵسەنگاندنی مێژووی رووناکبیری فەرەنسا ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.

\"10468.jpg\"
(ئالفرێد دریفوس لە 1895 وەک دەستگیر دەکرێت)
قۆناغی یەکەم؛
قۆناغی یەکەم واتە سەرهەڵدانی رووناکبیری لە فەرەنسا بە رووداوی دریفوس دەست پێدەکات کە تیایدا رووبەرووبوونەوەی ئایدئۆلۆژیک لە نێوان نەریتخوازەکان و مودێرنیتە چەپەکان روو دەدات.

شەڕ و پێکدادانێک کە بە کۆتایی هاتنی شەڕی فەرەنسا و پروس لە 1871 لە فەرەنسا دەست پێدەکات و گرژی لە سەر مەسەلەی دریفوس درێژەی کێشا و کەلێنی نێوان نەتەوەپەرەستان و کۆماریخوازەکانی گەورەتر کردەوە.
\"10469.jpg\"
(بەشێک لە وتاری \"من تاوانبار دەکەم\" لە نووسینی ئێمیل زۆلا 1898)
لەو قۆناغەدا بەیاننامەی رووناکبیران بە شێوەی نارەزاییەکی ئەخلاقی لە دەرەوەی هەر هەڵوێستێکی حیزبی روویدا. لە راستیدا رووناکبیری بەو بەیاننامەیە دوابەدوای وتاری بەناوبانگی \"ئێمیل زۆلا\" لە ژێر ناوی \"من تاوانبار دەکەم\" لە ساڵی 1898 لە پانتایی گشتی فەرەنسا سەرهەڵدەدات.

دوابەدوای تاوانبارکردنی زۆلا، رووناکبیرانی فەرەنسی وەک ئاناتۆل فرانس، شارل بگی، مارسێل پرۆست و چەند کەسی دیکە بە بڵاوکردنەوەی وتارێک لە رۆژنامەی (L\'Aurore) لە دووی ڤێورییەی 1898 پشتیوانی خۆیان لە زۆلا بە ناوی \"داد و حەقیقەت\" راگەیاند.

\"10470.jpg\"
(وتارەکەی زۆلا لە رۆژنامەی (L\'Aurore) لە دووی ڤێورییەی 1898)
ئەگەر بمانەوێ \"بەیاننامەی رووناکبیران\" بە خاڵی دەسپێکی رووناکبیری لە فەرەنسا بزانین، دەتوانین بڵێین دەگەڵ ئەو خاڵە دەسپێکە باسێکی نوێ سەبارەت بە بابەتێکی کۆن، یانی پشتیوانی یان دژایەتی دەگەڵ شۆرشی فەرەنسا دەست پێدەکات کە باسی سیاسی لە نێوان پاوانخوازان و کۆماریخوازەکان دەگۆڕدرێت بۆ باسی ئایدئۆلۆژیک لە نێوان راست و چەپی فەرەنسا.

مەسەلەی دریفوس و دواتر مەسەلەی زۆلا، رووناکبیری فەرەنسی بەسەر دوو گروپی سەرەکی دابەش دەکات؛

\"10471.jpg\"
(ئێمەیل زۆلا 1902-1840)
یەکەم؛ ئەو گروپەن کە بە دەوری کۆمەڵگەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ کۆ دەبنەوە و کەسانی وەک ژۆرس و کلیمانسۆ و پرۆست و ئاناتۆل فرانس لە خۆ دەگرن.
دووهەم؛ ئەو گروپەن کە کە رێبەری رووناکبیرییەکەی کەسێک بە ناوی \"موریس بارس\" بوو و کەسایەتییەکی وەک \"شال موراس \" هاورێیەتی دەکا کە دواتر وەک بنا‌غەدانەری گروپی دەستە راست و نەتەوەپەرەستی (Action français) ناوی دەبردرێت.


\"10472.jpg\"
گۆڤاری (Action français)
بارس و گروپی نەتەوەپەرەستان و نەریتخوازە فەرەنسییەکان دەگەڵ ئامانجی دریفوس دژایەتییان دەکرد و هەر لەسەر ئەمەش رووناکبیرانی لایەنگری ئەو بە خایین بە فەرەنسا لەقەڵەم دەدران.

بەم هۆیە لە روانگەی \"بارس\" و \"موراس\"وە وشەی رووناکبیر بە واتایەکی نێگەتیڤ مانا دەکرا و بە شێوەی جنێو و قسەی ناشیرین بەکار دەهێندرا.

لە روانگەی \"بارس\"، رووناکبیر بە کەسێک دەگوترێت کە وا بیر دەکاتەوە کۆمەڵگاکەی دەبێت لەسەر بناغەی مەنتق پێکهێندرابیت. رووناکبیر کەسێکە کە دەگەڵ نەریتەکان نامۆیە. لە روانگەی \"موراس\" یش \"ئاسایشی نەتەوەیی\" لە چەمکەکانی وەک داد و حەقیقەت گرنگترن.

هەر وەک دەبینین رووناکبیریی راستخواز و نەریتخواز خاوەنی مێژویەکی لەمێژینەیە لە فەرەنسا کە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا دەگەڵ کەسانی وەک بارس، موراس، برازیاک، سلین، لۆرۆشێل، راباتە و ئالێن دوبۆنوا و گۆڤارەکانی (Action français) و (Elements) پەرەیان سەندووە.

هەڵبەت پێویستە بگوترێ کە راستە تووندڕەوەکان کە نەتەوەخوازە رەگەزپەرەستەکانیشی دەگەڵدایە، دەگەڵ راستی لیبڕاڵ و رووناکبیرە ناسراوەکانی وەک؛ ریمۆن ئارۆن و ژان فرانسوا روول و گۆڤارەکانی (Commentaire) و (Contrepoint) جیاوازییەکی زۆریان هەیە.

بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئامادەبوونی رووناکبیران لە قەڵەمڕەوی بەربڵاوی فەرەنسا دەستێوەردانی راستەوخۆی بەرهەمەکانیان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، سیاسی ئۆروپا باسی گرنگی سەبارەت بە \"خەیانەتی رووناکبیران\" لە 1980 وە تا بە ئەمڕۆ دەگەڵ خۆی هێناوە.

\"10473.jpg\"
(ژوولین بێندا 1867 - 1956)
\"خەیانەتیی رووناکبیران\" ناوی کتێبە ناسراوەکەی \"ژوولین بێندا (Benda)\"یە کە ساڵی 1927 چاپ و بڵاوکرایەوە، بابەتێک کە بێندا لەو کتێبەدا باسی لێوە دەکا مەسەلەیەکە کە زیاتر لە سەدەیەک رووناکبیرانی فەرەنسا و جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

لە روانگەی بێندا وە، رووناکبیرانیی فەرەنسا لەڕادەبەدەر ئارمانجە فەلسەفییەکانی خۆیان وەلا ناوە و خۆیان بە ئارمانجە دوگم و ئایدئولۆژیکەکانەوە سەرقاڵ کردووە. یانی بەواتایەکیتر بە پشت تێکردن لە ئارمانجە جیهانییەکان روانینی خۆیان بە راهێنانی تایبەتەوە خەریک کردووە.

بێندا بەو ئاکامە دەگات کە رووناکبیران دونیای ماددی و جۆش و خرۆشە سیاسییەکانیان بە دونیای فەلسەفی و مەعنەوی گۆریوەتەوە و بەم هۆیە دەتوانین بڵێین کە دونیای رووناکبیرانی سەدەی بیستەم دونیای رێکخستنی رق و کینە سیاسییەکانە.

\"10474.jpg\"
(کتێبی \" خەیانەتیی رووناکبیران\" 1927)
بەم پێیە لە روانگەی \"بێندا\"وە \"خەیانەتیی رووناکبیران\" بە هۆی دەستێوەردانی ئەوان لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا نیە، (ئەو ولتێر وەک کەسایەتییەکی حەقخواز ناو دەبات) بەڵکوو بە هۆی بەشداریکردنیان لە پارتە سیاسییەکانە.

ئاماژەی بێندا بە بەشداری رووناکبیرانیی فەرەنسی لە پارت و رێکخراوە سیاسییەکاندا هەڵگری ناوەڕۆکێکی ڕێک وپێک و بە زمانێکی پڕ لە رێز نووسراوە.

ئەگەر ساڵی 1898 بە ساڵی دەسپێک و سەرهەڵدانی رووناکبیران لە فەرەنسا بزانین، دەتوانین بلێین کە ساڵێک پاش ئەمە واتە 1899 ساڵی سەرهەڵدانە سیاسییە نوێیەکان لە فەرەنسایە کە رووناکبیرانیش رۆڵێکی کاریگەریان لەسەرخستنیدا هەبووە.

\"10475.jpg\"
(شارل موراس 1952- 1868)
لەو ساڵەدا رووناکبیرانی نەتەوەپەرەست لە بەرانبەر لایەنگرانی دریفوس، گرووپی (action française) یان بە رێبەری شارل موراس پێکهێنا.

بەمشێوەیە نەتەوەخوازی موراسی بە ناوی تاقمخوازی فەرەنسی لە گەڵ بنەمای گشتیخوازیی رەوشتیی رووناکبیرانی لایەنگری دریفوس کەوتە نێو ململانێی سیاسی و فیکرییەوە.

بەڵام شک لەوەدا نییە کە لە پانتایی رووناکبیری فەرەنسا لە سەد ساڵی رابردوودا ، سەرکەوتن بۆ رووناکبیرانی دریفوسی بووە، چونکە گرنگی لە لە شێوەی کرداری ئەواندا تەنیا گەڕانەوە بۆ بنەما رەوشتی و گشتیخواز و جیهانییەکان نییە، بەڵکوو بەرگریکردنە لە بایەخەکانی کۆماریخوازی.

بنەماکانی دریفوس، بەرگریکردن لە دروشمی خودموختاری تاکەکەسی و ئازادییە مەدەنییەکانە کە لە روانگەی رووناکبیرانی لایەنگری دریفوس، سەردەمی رۆشنگەری و بەیاننامەی جیهانیی مافەکانیی مرۆڤ و هاوڵاتی 1789 پارێزەر و پێناسەی ئەون و دواتر بۆ ماوەی نیو سەدە شارستانییەتی رووناکبیریی چەپ و بەرپرسیار لە وڵاتی فەرەنسا بونیاد دەندرێت.

\"10476.jpg\"
(شەڕی جیهانیی یەکەم 1918-1914)
قۆناغی دووهەم؛
ئێستا ئەگەر چاوێک بەسەر قۆناغی دووهەمی رووناکبیری لە وڵاتی فەرەنسا بخشێنین دەبینین کە بە تەواوی درێژەپێدەری قۆناغی یەکەمە بەو جیاوازییەی کە لەم قۆناغەدا چەند رووداوی گرنگ، فۆرمێکی نوێ بە رووناکبیریی فەرەنسی دەبەخشێت کە گرنگترینیان ئەزموونی تاڵی شەڕی جیهانیی یەکەم و هەوەها روودانی شۆرش لە رووسیای تزارییە.

بۆ بەشێکی زۆر لە لایەنگرانی دریفوس، شۆڕشی رووسیا نیشانەی دەسکەوتەکانی شۆڕشی فەرەنسا لە سەدەی بیستەمە، لە کاتیکدا لە روانگەی راستە نەتەوەپەرەستەکان، شۆرش لە رووسیا وپەرەپێدانی بلشویزم (رێباریکی سیاسییە کە لایەنگری لە حکوومەتی پرولتاریا دەکات و ناوەندەکەی یەکێتی سۆڤییەت بوو) مەترسییەکی نوێ بۆ سەر بایەخە نەریتی و دینی و نەتەوەییەکان لە فەرەنسا لەقەڵەم دەدرا.

لەو قۆناغەدا کۆنگرەی بە ناوبانگی شاری \"توور\" کە لایەنگران و دژبەرانی لنینی لێک جیا کردەوە و بەم هۆیە دوو حیزبی کۆمۆنیست و حیزبی سووسیالیست لە فەرەنسا دروست بوون.

لە راستیدا بزووتنەوەی چەپ لە وڵاتی فەرەنسا بەسەر دوو بەش دابەشکرا؛ حیزبی کۆمۆنیست و حیزبی سووسیالیستی فەرەنسا. لە لایەکی دیکە رووناکبیرانی دەستە راست دژی سیستەمی پارلمانتاریزم بوون و هەوڵیان دەدا بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی پێک بێنن و بە باسی کولتوورییەوە سەرقاڵ دەبن و تێکەڵ بە بزووتنەوەکانی فاشیستی و نازیزیسم دەبن.

\"10477.jpg\"
(شارل پگی 1914-1873)
لەو قۆناغەدا دەگەڵ چەند رووداوی رووناکبیریی گرنگ بەرەوروو دەبینەوە؛
1- مەرگی رووناکبیرانی وەک شارل پگی لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا.
2- لاگیری و ئینتیمای رووناکبیرانی وەک \"ژۆرژ سورێل و کەسانیتر لە 1917-1920 بۆ شۆرشی رووسیا.
3- بەرگری لە فاشیزمی ئیتالیایی و موسیلینی لە لایەن موراس و لایەنگرەکانی.
4- مەرگی \"بارس\" لە 4ی دیسامبەری 1923 کە بە یەکێک لە رووناکبیرانی دەستە راستییەکان لەقەڵەم دەدرا و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رووناکبیران و نووسەرانی وەک \"دریو لاروشل\" و \"هانری دومونترلان\" و\"فرانسوا موریاک\" هەبوو.
5- سەرهەڵدانی دادائیزمی \"تریستان تزارا\" و بە شوێن ئەودا شۆرشی بزووتنەوەی هونەری و رووناکبیری \"سوورئالیزم\" کە بە بەیاننامەی سوورئالیزمی ئاندرێ برۆتۆن لە دیسامبەری 1924 پێک دەهێندرێت.

\"10478.jpg\"

(تریستان تزارا 1963- 1896)
وشەی \"سوورئالیزم\" لە لایەن \"گیوم ئاپولینێر\" بەرهەم دێت و ئەو ئەو وشەیە بە مانای \"داهێنانی خۆڕسک\" بەکار دەهێنێت.

بەڵام برۆتۆن ئەم وشەیە بە مانای نارەزایی دەربڕین بە جیهانی عەقڵانی دکارت و سیستەمە سیاسی و هونەرییەکان بەکار دەهێنێت.

جێی باسە کە سوورئالیزمەکان خاوەنی دوو قۆناغی گرنگن؛
1- قۆناغی یەکەم کەسانی وەک برۆتۆن و لۆیی ئاراگۆن هەوڵ دەدەن کە ئاشتی لە نێوان شۆڕشی ئۆکتۆبر و شۆڕشی سوورئالیزمی درووست بکەن.
2- لە قۆناغی دووهەمدا کە بە بەیاننامەی دووهەمی سوورئالیزم لە لایەن ئاندرێ برۆتۆن دەخرێتە بەر باس، برۆتۆن بەرەی ترۆتسکی لە دژی ئێستالین هەڵدەبژێرێت و ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە هۆی جیابوونەوە لە نێوان ئاراگۆن و برۆتۆن لە ساڵی 1932 دا.