مێهرداد دەرویش‌پوور: پژاندنی تیزاب هەوڵێكە بۆ پڕۆژەی بەئیسلامیزەكردنی كۆمەڵگە

20:33 - 15 خەزەڵوەر 2714

 

ئاژانسی كوردپا: رووداوی پژاندنی ئەسید لەئیسفەهان لەكاتێكدا ناڕەزایەتی گشتیی بەدوای خۆیدا هێنا، كە لەرەزبەری ئەمساڵدا هێندێ‌لەمیدیاكان باسیان لە بریندار بوون و سووتانی دەموچاوی چوار ژن بە هۆی پژاندنی ئەو مادە شیمیایەوە، كرد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە كۆتاییەكانی مانگی رەزبەری ١٣٩٣ لە ئیسفەهان و تاران كۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو، کە سەرجەم قەیرانەكانی هەنووكەیی كۆمەڵگەی ئێران وەكوو بێكاریی، خەسارە كۆمەڵایەتیەكان و ئێعتیادی لە خۆ گرتبوو.

لەو خاڵە گرینگانەی كە لە ناڕەزایەتییەكاندا بەدی دەكرا پرسی پژاندنی ئەسید بە دەموچاوی ژنان و كچان بوو كە دەسەڵاتدارانی ئێران لەهەوڵی بەلارێدا بردنی ئەو پرسەدا بوون.

رێكخستن و هاودەنگ نەبوونی شارەكانی دیكە لەگەڵ ئەو خۆپیشاندانانە لایەنەكانی دیكەی ئەو خۆپیشاندانە بوو كە بە بەردەوامی لەلایەن ناڕازیانەوە دەوترایەوە.

كۆمەڵناسێكی دانیشتووی وڵاتی سوید لەو بارەیەوە لەو وتووێژێكدالەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا (دەقی فارسی) رایگەیاندووە، زەنجیرەیی و بەدوای یەكدا بوونی پژاندنی ئەسید، قەتڵە زەنجیرەیەكانمان وەبیر دێنێتەوە و حاكمیەت بە دوای بەئیسلامی كردنی كۆمەڵگەوەیە.

\"23057.jpg\"

 

مێهردادا دەروێش پوور، كۆمەڵناس

مێهردادا دەروێش پوور، دەسەڵات بەوە تاوانبار دەكات كە لەهەوڵی بە سیاسی كردنی خۆپیشاندانەكاندا بووە و هاوكاتیش بوونی بۆشایی ئیتنیكی- نەتەوەیی بە هۆكاری پەرەنەگرتنی خۆپیشاندانەكان لەقەڵەم دەدات.

ئەو كۆمەڵناسە لەو باوەڕەدابوو، پرسی پژاندنی ئەسید لەلایەن میدیاكانەوە گەورە نەكراوەتەوە، بەڵكوو ئەوە ئاسەواری تاڵ و جێگەی داخی ئەو كردەوانەیە كە پەرچەكرداری كۆمەڵگەی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئەوەی پژاندنی ئەسیدی لە ئیسفەهان لەگەڵ رووداوەكانی لەم چەشنە لەشارەكانی دیكە جیا كردەوە، زەنجیرەیی بوونی ئەو كارە بوو كە بە جۆرێك رێكخراوبوو.

\"23063.jpg\"

 

مێهرداد دەروێش پوور لەمەڕ توندوتیژییەكانی ناو كۆمەڵگە بە هەواڵدەریی كوردپای وت: ئەمە راستییەكە، كە ٣٥ ساڵ دەسەڵاتداریەتی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران توندوتیژی و سەركوت بەكار دێنێ‌و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە یاسا و نەزم جێگیر بكات و تەنانەت بە هێنانە ئێعدام بۆ سەر شەقامەكان و جێبەجێ‌كردنی لەبەر چاو خەڵك، دیهەوێ‌توندوتیژی و بێ‌رەحمی لەناو تاك بەتاكی خەڵكدا جێگیر بكات و ئێستاكەش دەبینین كە توندوتیژی زۆر لە جاران بەربڵاوتر بووە.

ئەو كۆمەڵناسە لەو باوەڕەدایە، كە پێویستە لە سێ‌روانگەی مافی مرۆڤ، پێشێڵكردنی مافی هاووڵاتی بوون و پەرەسەندنی توندوتیژییەكان بەدژی ژنان بڕوانینە رووداوەكانی پژاندنی تیزاب و باسی لەوەش كرد راستە كە حكوومەت لەهەوڵی بە ئیسلامی كردنی كۆمەڵگەدایە، بەڵام ٣٥ ساڵە سەرەڕای بوونی راگەیەنەكان و لەبەردەستدا بوونی ئیمكاناتی زۆر نەیتوانی كۆمەڵگە بەو ئاراستەیەدا ببات و دەبینین كە شێوازی جلوبەرگی ژنان، هەڵسوكەوت و بایەخەكانیان بە تەواوەتی دژایەتیان لەگەڵ نۆرم و بایەخەكانی كۆماری ئیسلامی هەیە.

ئەو شارەزایەی بواری كۆمەڵناسی، وتیشی: دروست بوونی ئەو بۆشاییە و سەرپێچیی ژنان وایكردووە، كە دەسەڵات لە هەوڵی پاشەكشەكردن بە ژناندا بێت و چوارچێوەی دەسەڵات و یاساكانی زیاتر پەرە پێ‌بدات و تەنانەت باڵێكی ناو دەسەڵات لەهەوڵی لاوازكردنی دەوڵەتی یازدەیەم و بێ‌كارا نیشان دانی ئەو دەسەڵاتەن.

\"23062.jpg\"

 

مێهرداد درویش‌پوور لە وڵامی ئەو پرسیارەدا ئایا سیاسی بوونی پرسی پژاندنی تیزابەكان لە بەرژەوەندی ژنان دایە؟ وتی: مافی ژنان مافێكی كۆمەڵایەتییە و لە چوارچێوەی بنەماڵە، فەرهەنگ، كۆمەڵگە، بارهێنان و فێركاریی و یاساكاندا پێناسە دەكرێ‌، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە بەر لەوەی‌خەڵک لە خۆپیشاندانەكاندا دروشمی سیاسی بڵێنەوە، دژكردەوەكانی دەسەڵات و حكوومەت و سەركوتی ناڕازیان ئەو پرسەی بەرەو لای سیاسی بووندا كێشا.
ئەو كۆمەڵناسە لەوڵامی ئەو پرسیارەدا، کە بۆچی خۆپیشاندانەكان شارەكانی دیكەی ئێرانی نەگرتەوە؟ وتی: دیارە لەشارە چكۆڵەكاندا كۆنترۆڵ كردن زۆر ئاسانە، بەڵام لە ئیسفەهان چونكە ئەو پژاندنی تیزابانە رێكخراو و پلان بۆ دارێژزراو بوو، رەق و تووڕەیی لێكەوتەوە و لە تارانیش بە حوكمی ئەوە كە ناوەندە و یاساكان لەوێ‌پەسند دەكرێ‌خۆپیشاندان ئەنجام درا و دەتوان بڵێم كە هۆكارێكی دیكە ترسی خەڵك لە كوشتن و سەركوت و دەستبەسەركردن بوو و پێشتریش وتم لە شارە كەم حەشیمەتەكاندا زۆر زوو خەڵك شناسایی دەكرێن و لە بیرشمان نەچێ‌كۆمەڵگەی ئێران لەگەڵ جۆرێك خەمۆكی بەرەوڕوو بۆتەوە و زۆربەی خەڵكەكەی ناڕازییە بەڵام ئامادە نییە ئەو ناڕەزایەتییە دەرببڕێ‌ و لە كۆمەڵگەیەكدا كە بایەخە مرۆییەكان پشتگوێ‌خرا، توندوتیژی و ترس و دڵەڕاوكێی روو لە زیاد بوون دەكات.

\"23064.jpg\"

 

مێهرداد دەروویش‌پوور لە قسەكانیدا نموونەی كۆبانی هێنایەوە و ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر لە كۆمەڵگەدا رووداوێكی روو بدات و هەموو بەشەكانی ئەو كۆمەڵگەیە یەكدەنگ نەبن ناتوانن هیچ كارێك بكەن و لەم دوایانەدا بینیمان كە كوردستان یەكدەنگ و یەكڕەنگ بۆ كۆبانی خرۆشا و ئەوە لەحاڵێكدابوو كە لەشارەكانی دیكە ئێران (بێجگە كوردستان) كەس خۆپیشاندانی نەكرد و ئەوە زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە ئیتنیكییەی كە لە ئێران بەدی دەكرێ‌.