مێرمنداڵێکی مەهابادی، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

15:19 - 16 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕەوتی خۆکوژی لەنێو مێرمنداڵاندا، ڕووی لە پەرەسەندن کردووە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ٤ مێرمنداڵی کچ و کوڕ، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، مێرمنداڵێکی مەهابادی بە ناوی \"ئەبووبەکر خزرنیا\"، تەمەن ١٦ ساڵ، کوڕی قادر، خەڵکی گوندی \"باگردانـ\"ـی ئەو شارە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هۆکاری خۆکوژیی ئەو مێرمنداڵە مەهابادییە، هێشتا ناڕوونە. ناوبراو لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی شاری زەڕینەی شاری دیواندەرە، هەوڵی خۆکوژیی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. شوناسی ئەو کچە مێرمنداڵە، بە ناوی \"دڵنیا سۆفیزادە\" ڕاگەیەندراوە.

لەم پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ١٤ی پووشپەڕ، کچێکی مێرمنداڵی خەڵکی گوندی \"تاژان دەرێ\"، سەر بە شاری شنۆ، بە ناوی \"شیوا شەعبانی\"، تەمەن ١٦ ساڵ، کچی سابیر، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، ١٥ی پووشپەڕ، کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی \"مەرزیە بایزیدی موقەدم\"، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی \"پەسوێـ\"ـی شاری پیرانشار، بە هۆکاری نادیار، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێهیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا بە ئەژمار دێن.