مینە بەجێماوەکان، کوژرانی پاسدارێکی حکوومەتی لێکەوتەوە

14:11 - 12 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: مینە چێندراو و کۆنەکراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، نەتەنیا بووەتە هۆی ئەستاندنی گیانی هاووڵاتییانی کورد، بەڵکوو هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیش لێی بێبەری نەبوون.

کاناڵی تێلێگرامیی \"ئۆرووم نیووز\"، نزیک لە سپای پاسداران، لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراوەکان، ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"حەسەن دەرگاهی\"، گیانی لەدەست داوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕووداوە لە ناوچەی سنووریی شاری \"قوتوور\" و ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، ڕوویداوە.

لەم پەیوەندییەدا، شەوی دووشەممە، ١٢ی خاکەلێوە، کاتژمێر نزیکەی ٩ی شەو، دوو سەربازی تیپی ٢٢٨ی ئەرتش، لە شاری سەقز بە ناوەکانی \"عەلیڕەزا کەماڵی و عەباس ئەفرادی\"، بە هۆی تەقینەوەی مین، بەسەختی بریندار بوون.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، \"موحسێن بیگلەری\"، نوێنەری مەجلیس، لە کۆبوونەوەی ئوستانیی ڕێزگرتن لە مینهەڵگرەکاندا، ڕایگەیاند: \"مینە چێندراوەکان لە کوردستان، گیانی سەدان کەسی ئەستاندووە و مینە چێندراوەکانی بە میوانی ناوەخت ناو برد\".

بوونی ٢٠ ملیۆن مینی چێنراوی کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا چەندین ڕێوڕەسمی تایبەتیی لەژێر ناوی خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوە بردووە.