مین لە کوردستاندا هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییان دەکات

16:53 - 22 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای تێپەڕینی سێ دەیە بە سەر کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران و عێراقدا، لە ئێستادا نزیکەی ٢٠٠ خاڵی سنووری لە پارێزگای سنەدا مینڕێژە و سنووری ئەو شارانەی کە لە مین خاوێن نەکراوەنەتەوە، مەترسیی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.

پێنج پارێزگای کوردستان و ئێران، لەوانە: \"ئیلام، کرماشان، سنە، ورمێ و خووزستان\"، لە ئێستادا مینڕێژن و ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایانە، کە بە مین تەندراون بە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە ئەژمار دێن.

ناوچە سنوورییەکانی ئێران بە تایبەتی کوردستان، بە یەکێک لە ئالوودەترین ناوچەکانی ئێران لە مین بە ئەژمار دێن و ساڵانە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کورد، بە تایبەتی خەڵکی گوندەکانی ناوچە سنوورییەکان، بە تەقینەوەی مین دەکوژرێن و بریندار دەبن.

بەپێی دوایین ئامارێک کە لە لایەن وەزیری بەرگریی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە ٢٨ هەزار لە زەوییەکانی ئێران ئالوودە بە مینن و ئەمەش کاری مین‌هەڵگرەکانی، بە هۆی نەبوونی ئیمکانات، شێوەی زەوییە مینڕێژکراوەکان و نەبوونی خەریتەی ناوچە مینڕێژکراوەکانی، قورس کردووە.

گەڵاڵەی پێداچوونەوەی ناوچە ئالوودە بە مینەکان لە ١٩٩ خاڵی سنووری و ٣٦٦ پایگای مینڕیژکراو لە شارەکانی: \"مەریوان، بانە، دیواندەرە، سەوڵاوا، بیجاڕ، سنە، کامیاران و سەقز\"، بەڕێوەچوو کە بە وتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەتا ئێستاش ئەو شوێنانه مەترسییان بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان هەیە.

بەپێی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان، ئێران دووهەمین وڵاتی ئاڵوودە بە مین لە ئاستی جیهاندایە. ٤ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار لە ئێراندا ئالوودە بە مینه کە بە ١٦ میلیۆن مین مەزندە کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ٩٧دا، ٥٤ هاووڵاتیی کورد بە تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون کە تەمەنی دوو کەس لە قوربانیانی مین، لە ژێرەوەی ١٨ ساڵ بوون.

هەروەها سێ سەرباز بە تەقینەوەی مین لە کوردستاندا کوژران و بریندار بوون و لە کۆی ئەو ٥٤ کەسە، چوار ژنیش لە نێو کوژرا و برینداربوواندا بەرچاو دەکەوێت.