موختار هۆشمەند: گرووپە سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەیعەتیان لەگەڵ داعش بەستووە

21:48 - 6 خەرمانان 2714

 

ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رابردوودا چالاکیی گروپە سەلەفییەکان لە وڵاتی ئێران و بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان پەرەی سەندووەو چالاکیی ئەو گروپەش لە ماوەی رۆژانی رابردوودا گەیشتۆتە ئاستی تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ دەستپێکی هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، گروپە سەلەفییەکان و ئەندامان و لایەنگرانیان لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی ئیران بە ئاشکرا خۆیان دەرخستووەو لە چەندین شوێن بانگەشەی بیری جیهادی و تەبلیغیان بۆ دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش کردووە.

بەپشت بەستن بە ئامارێک کە سەلەفییەکانی کوردستانی ئیران بەهاری ساڵی رابردوو بڵاویان کردەوە، هەتا ئێستا ٤١٢ کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و ئەندامی گرووپە سەلەفییە جیهادییەکان، لە وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان، سووریا، عێراق و ئێران، لە تێکهەڵچوون و کردەوەی ئیستشهادیدا کوژراون.

پێشتر ماڵپەڕی ناوەندی هەواڵنێریی سەقز لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو، کە ١٤١ لاوی خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەری لە وڵاتانی عێراق، سووریا، ئەفغانستان و پاکستان لە ریگەی گرووپە سەلەفییە جیهادییەکانەوە بوونەتە ئەندامی گرووپە جیهادییەکان.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر روون کردنەوەی چالاکیی گرووپە سەلەفییەکان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، لەگەڵ مۆختار هۆشمەند چالاکی سیاسی کوردی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان و شارەزا لە چالاکیی گرووپە سەلەفییەکان، دیمانەیەکی پێکهێناوە.

\"21802.jpg\"

 

مۆختار هۆشمەند چالاکی سیاسی کوردی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان

مۆختار هۆشمەند، کە بە وردی بەدواداچوون بۆ مەسەلەی سەلەفییەکان و چالاکییەکانیان لە کوردستانی ئێران دەکات، سەبارەت بە تێکهەڵچوونی چەکداریی چەکدارانی داعش لە ناوچەی ورمێ دەڵێت؛ \" هەر کاتێک سەلەفییەتی جیهادی لە ئاستی ناوچەی و جیهانییەکدا دەستکەوتێکی هەبووبێت، سەلەفییەکانی ناوخۆی ئێران و کوردستانییش هاوکات و هاوتەریب میکانیزمی کار کردنیان دەگۆڕن و چالاکییەکانیان دەست پێ دەکەنەوە\".

ئەو چالاکە سیاسییە گوتیشی؛ \"پاش هاتنی چەکدارانی داعش بۆ عێراق، دروستبوونی گروپی چەکداری سەلەفیی جیهادیش لە ناوخۆی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان چاوەڕوان دەکرا، چونکە نزیک بە تێکرای ئەندامان و لایەنگرانی سەلەفییە جیهادییەکان راهێنانی چەکداریی و نیزامییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پێ کراوە.

شەوی سێشەممەی ئەم حەفتەیە، لە گوندی مەوانای ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، کە لە نزیک سنووری وڵاتی تورکیا هەڵکەوتووە، یەکەمین تێکهەڵچوونی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هاتە ئاراوە، کە بە گوتەی شایەتحاڵان چەکدارانی داعش دوو کەس بوون کە جلوبەرگی رەش و ئاڵای داعشیشیان پێ بووە\".

موختار هۆشمەد ئاشکرای کرد، کەسێکی توندڕەو بەناوی مەلا \"عەبدولهادی\"، کە کەسێکی توندڕەوی خەڵکی ناوچەی ورمێ‌یە و لەماوەی رابردوودا بەیعەتی بە داعش داوە، لە پشت سەلەفییەکان و رووداوەکانی ورمێ‌وەیەو تەنانەت توندڕەوییەکەی بە رادەیەکە، کە ئەلقاعیدەی بە کافر و شلڕەو دەزانی\".

هۆشمەند ئاشكرای کرد، پاش چڕتر بوونەوەی چالاکییەکانی داعش لە ئێراق، \"بەشێک لە گرووپە سەلەفییەکان (بەیعەت)یان لەگەڵ داعش بەست و تەنانەت لە ناوچەی (بان لەلیەلاخ)ی سنەش، لە هەیمەنەی هێزی چەکداریدا ددەردەکەون و تەبلیغات بۆ داعش دەکەن\".

\"21800.jpg\"

مەلا هادی ساڵحی بەیعەتی لەگەڵ داعش بەستبوو

سەبارەت بە بەیعەتی کەس و گرووپە سەلەفییەکان لە ناوخۆی کوردستان، گوتیشی؛ مەلا هادی ساڵحی ناسراو بە (مەلا هادی هەرمێ دۆڵ) و نیشتەجێی شاری سەقز، بەیعەتی لەگەڵ داعش بەستبوو، کە چەند رۆژ پێش ئێستا لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

رۆڵی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پەرە گرتنی سەلەفییەکان لە کوردستانی ئیران

موختار هۆشمەند سەبارەت بە رۆڵی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پەرە گرتن و بەرین بوونەوەی چالاکیی گرووپە سەلەفییەکان دەڵێت: \" حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتاوە بۆ دژایەتی کردنی هێز و حیزبە نەتەوەییەکان لە هەوڵی زەق کردنەوەی بیری ئایینی و سەلەفییەتدا بووە، هەتا لەم ریگەیەوە بە دنیای رۆژئاوا بڵیت، شەری من لەگەڵ کورد، شەڕ لەگەڵ ئەو تیرۆریزمەیە کە ئێوە باسی دەکەن و بۆیە دەبێ یارمەتیشم بدەن\".

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە ئاشکرا گرتەی ڤیدیۆیی لە زیندانییە سەلەفییەکان بڵاو دەبێتەوە، کە ئەمە گومانی ئەوەی دروست کردووە، کە لەلایەن خودی حکوومەتیەوە کار ئاسانییان بۆ بکرێت و حکوومەتی ئێران دەیهەوێ لەم ریگەیەوە زینداییە سیاسییە کوردەکان کەمڕەنگ بکاتەوەو سەلەفییەکانیان لە بەرامبەریاندا زەق بکاتەوە.

هەنووکە زیاتر لە ١٥٠ زیندانیی مەزهەبی، لە زیندانەکانی رەجایی شاری کەرەج و قزلحەسار لە دەستەبسەریدان، کە زۆربەیان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \"لایەنگری و ئەندامەتی لە گرووپە جیهادییەکان\" حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ بڕاوەتەوە\".

ئەو چالاکە سیاسییە کە لە زیندانەکانی سنە و کرماشان لەگەڵ زینداییە سەلەفییەکان ناسیاوی هەیە، سەبارەت بەو سەلەفییەکانی زیندانی رەجاییش اری کەرەج دەڵێت: \" نزیک بە تێکرای ئەو سەلەفییانە سەربە گرووپی \"جەیشی سەحابە\"ن، کە ساڵی ١٣٨٧ لە \"کەتبەی قاعیدە لە کوردستان\" جیابوونەتەوە\".

هۆشمەند دەشڵێت: \"جەیشی سەحابە، کە ئەمیرەکەیان تاقە رێکخراوی سەلەفییە کە بە رەسمی دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئیڕان جیهادی راگەیاندبێت یەکەم چالاکیی چەکداریشیان چەند رۆژ پێش لە هاتنی خامنەیی بۆ کوردستان بوو، کە چەندین کەسیان لێ کوژراو ژمارەیەکیشیان لێ بەدیل گیرا\".

روونیشی کردەوە، \"لایەنگرانی جەیشی سەحابە کاتی خۆی کە لە زیندان لەگەڵیاندا بووم، گلەییان دەکرد، کە ئەندامانی ئەلقاعیدە بۆ دەستبەسەر کردنی ئەندامانی جەیشی سەحابە، هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانیان کردبوو، چونکە ئێرانیش هاوکاریی لۆجستیکی و ئابووریی رێکخراوی ئەلقاعیدەی دەکرد و هاوکات ئەندامانی جەیشی سەحابە کە ئێستا ئەندامەکانیان لە زیندانن، زۆر لە ئەلقاعیدە توندڕەوتر بوون و راستەوخۆ جیهادیان بە دژی حکوومەتی شیعەی ئێران راگەیاندبوو\".

لە رۆژانی رابردوودا ترکی دەخیل نووسەری ناسراوی عەربستانی لە وتارێکدا نووسیبووی، دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە یارمەتی و هاریکاری دەکرێت و وتەکانی حوسێن دیهقان وەزیری بەرگریی حکوومەتی ئێرانی بە بەڵگە هێناوەتەوە، کە بەو پەڕی دڵنیاییەوە گوتبووی، \"داعش هیچ مەترسییەکی بۆ سەر ئێران نییە\"، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی سووریا و عێراق راستەوخۆ بە هێزی نیزامی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە شەڕدایە\".

بە پێی ئە وبەڵگانەی کە بڵاوبوونەتەوە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هاوکاریی ئابووری و پشتیوانیی لە رێکخراو و گرووپەکانی وەک \"حەماسی سوننی مەزهەبی توندڕەو، عیزبوڵڵای شیعە مەزهەبی لوبنان، رێکخراوی ئەلقاعیدەی سوننی مەزهەب و حوسییەکانی یەمەنی کردووە.