موختار هوشمەند: کاوە جەوانمەرد هەنووکە بووەتە ئوستوورەیەک

16:33 - 15 پووشپەڕ 2718

 

ئاژانسی کوردپا: شەهید کاوە جەوانمەرد یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان (کوردپا) بوو، کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جێگیرکردن، فۆرمپێدان و بەردەوامبوونی ئەو ئاژانسە سەربەخۆیە بووە.
کاوە جەوانمەرد هاوکات بە دانی ڕێکار و ڕێنوێنییەکانی خۆی، لە کردەوەدا بوو بە یەکێک لە ڕاگەیەندنکارەکانی ئاژانسی کوردپا.

ئەو ڕۆژنامەوانە بە پێشینەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەندام و چالاکی خۆی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون بەڕێوە دەبرد، هەروەها پێداگری لەسەر پاراستن و سەربەخۆیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ورد و دروست دەکرد و بە گشتگیرتر کردنی هەوڵی پەیوەندیدار بە کوردستانی ئێران بە ئامانجی ستراتیژێکی کوردپای دەزانی.

دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ناوبراوی لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بە تۆمەتی \"دژایەتی لەگەڵ خوا\" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی مەراغە حوکم دابوو.

١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد لە شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕاگەیاند.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە بۆنەی دووهەمین ساڵڤەگەڕی شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد لەگەڵ موختار هوشمەند، چالاکی سیاسی و دانیشتوویی وڵاتی ئاڵمان وتووێژێکی ئەنجام داوە کە بەم چەشنەیە:

١- چۆن لەگەڵ کاوە جەوانمەرد یەکترتان ناسی و شەهید کاوە لە زیندان چۆن بەربەرەکانێ و خەباتی خۆی درێژە پێ داوە و لە ڕوانگەی زیندانییانەوە چ پێگەیەکی هەبووە؟


\"\"موختار هوشمەند، چالاکی سیاسی دانیشتوویی وڵاتی ئاڵمان

 

 

چەند ساڵ پێش لەوەی کە چاوم بە شەهید کاوە بکەوێت و لە نزیکەوە بیناسم، کاتێک کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ناوبراوی دەسبەسەر کردبوو، سەرنجم دا کە کاوە یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی نهێنی تەشکیلاتی حدکایە و یەکێک لە چالاکە مەدەنییەکانی شاری سنە و هاوکاری حەوتوونامەی کەرەفتووە. شەهید کاوە لە پایزی ساڵی ٨٥ی هەتاوی دەسبەسەر و دادگای ئینقلاب لە سەر بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات ناوبراوی بە دوو دۆسیەی جیاجیا تۆمەتبار کردبووە و لە کۆتاییدا کاوە لە یەکێک لەو دۆسییانە بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری بە دوورخرانەوە و لە دۆسییەکی دیکە بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. بەڵام لە کاتێکی دیکەدا بەبێ ئەوەی کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ چاومان بە یەکتر بکەوێت، من پێشتر لەگەڵ شەخسییەت و هەڵسووکەوتی ناوبراو ئاشنا بووم.

پاش ئەوەی کە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ساڵی ٨٩ی هەتاوی، لە لایەن ئیتلاعات کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کرام و چەند مانگێک لە ژووری تاکەکەسیدا بووم، سەرئەنجام لە دادگای ناعادڵانە بە ١٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرام و جارێکی دیکە بۆ ژووری تاکەکسی وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنە راگوێزرام. پاش ماوەیەک منیان بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە گواستەوە و لەو بەند و ژوورەدا کە شەهید کاوە بەشێکی لە ماوەی حوکمەکەی تێدا تێپەڕاندبوو، منیان دابەو ژوورە (بەندی پاک ٢)، سرنجڕاکێش بوو ئەوە تەختەی شەهید کاوە دیکۆراسیونی هێشتا ئاڵوگۆڕێکی وای بە سەردا نەهاتبوو و لە شێوەی تەختەکەدا دیار بوو کە هی کەسێکی خاوێن و ڕێکوپێک و خاوەنی زەوق بووە. کاتێک کە هاوبەندەکانی سەبارەت بە کاوە قسەیان دەکرد، من تێگەیشتم کە ئەوە خاوەنی خۆ و خدەیەکی تایبەت بووە و زینداییەک خاوەنی ئوتوریتە لە نێو هاوبەندەکانی بووە، بەرپرسانی زیندانیش حەسێبیان بۆی دەکرد و بە چاوێکی بەرزەوە لێیان دەڕوانی. بەو شێوەیەی کە باس دەکرا، کاوە یەکێک لە ڕادیکاڵترین زیندانییانی سیاسی لەو کاتەدا بووە و هەمیشە خوازیاری مافی زیندانییان بووە و لە ڕاستای دابینکردنی ئیمکانات لەو بەندەدا کە تێدا بووە، هەوڵی داوە.

٢- وەکوو خەباتکارێکی ڕێگای ئازادی چ تایبەمەندیگەلێکی هەبوو و ڕوانگەی لەسەر شەهید کاوە چۆنە؟

\"خەبات لە ڕێگای ئازادی\" ناونیشانێکە کە لە ڕاستیدا شیاوی شەهید کاوە بوو، ناوبراو وەکوو کوڕە شەهیدێک هەر لە منداڵییەوە ئەو پەیامەی وەرگرتووە، کە باشترین پاداش بۆ باوکی شەهیدی درێژەدان بە ڕێگاکەی ئەوە. سەرئەنجام دەبینین کە پاش چەند ساڵ زیندان و دوورخرانەوە، دەسبەجێ، پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکان دەبێت، بەڵام گرینگتر لە خودی ئەو بڕیارە، دروشانەوەی کاوە لە ڕیزەکانی حدکا لە ماوەیەکی کورتی زەمەنیدایە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەم شەهیدە لە ڕێگەی ئازادیدا بە شوێن دەرفەت و ژینگەیەکی لەبار بووە، هەتا بتوانێ ئیدەکانی خۆی کردەیی بکات. لە ڕاستیدا کاوە کەسایەتییەکی ئاوارتەی هەبووە، سەرەڕای ئەوەی کە خاوەنی گەڵاڵە و بیرۆکە بوو، مرۆڤێکی پڕ وزە و پراگماتیستی بوو، بە شێوەیەک کە زۆر چالاک و بەدواداچوونی لە ڕاستای کردەییکردنی بیرۆکەکانی هەوڵ و هێندێک جار پێداگری لەسەر دەکرد. هەڵبەت شەهید کاوە تا ئەوە جێگایە کە لە بیاڤی شارەزایی و لێهاتووییی ئەو بوایە و لە بەرژەوەندیی حدکای زانیبا دەیکرد.

٣- شەهید کاوە لە ماوەی ژیان و خەباتی سیاسیی خۆیدا توانی چ جۆرە ڕەفتار و ئەخلاقگەلێک بۆ جیلی ئەمڕۆی کوردستان بگوازێتەوە؟
جیلی ئەمڕۆ چۆن دەتوانێت تایبەتمەندی و کەسایەتی شەهید کاوە لە ڕێگەی خەباتی خۆیدا وەک ئولگۆیەک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ملهۆڕیی ئێرانی ئیسلامی جێ بگرێتەوە؟


یەکێكی تر لە تایبەتمەندییەکانی شەهید کاوە ئەوە بوو کە هەم مرۆڤێکی شوێندانەر بوو هەم کاریگەر، ئەو هەرگیز کەسێکی مەغرور نەبوو و هیچ کاتێك وای نەدەزانی کە بێنیازە. ئەم تایبەتمەندییەی ئەو تەنانەت لە دەرەوەی حیزبی دێموکراتیش گرینگی پەیدا کردبوو. کاوە لە بیاڤی لێپرسایەتییەوە گرینگی بە هێزی لاوان دەدا و ئ فێری ئەزموون و شارەزاییەکانی خۆی دەکرد. هەروەها باوەڕی وابوو کە دەبێت لە لاوان بگەڕێی و ئازادیان بکەی تا توانایییەکانی خۆیان بدۆزنەوە. پەیوەندی ئەو لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەژێر دەستییدا کاریان دەکرد، پێوەندییەکی هاوڕێیانە بوو، بەڵام جیدییەت لە کار و گەیشتن بەو ئامانجەی کە دیاری کردبوو لە سەرەوەی هەموو شتێکدا بوو، ئاکامی ئەم کارەی لە گۆڕانکارییەک بوو کە ئێمە لە میدیا و ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتدا شاهیدی بووین. شەهید کاوە هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی لە بیاڤی ڕاگەیاندندا، یەکێک بوو لە ئەندامانی لاوی ڕێبەری حیزبی دێموکرات کە هەمیشە باسی لە گرینگبوونی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لە نێوخۆی وڵاتدا دەکرد و لە شوێندانەرترین کەسەکان بوو کە لە گەڕانەوەی هێزەکانی حیزبی دێموکرات بۆ شاخ ڕۆڵی هەبوو، ناوی شەهید کاوە بە جۆرێک لەگەڵ ڕاسان گرێ دراوە، کە ناتوانرێت ناوی ڕاسان بهێنیت و باسی گرینگی و شوێندانەریی شەهید کاوە نەکرێت، بەڵام بۆ شەهید کاوە سەخت بوو کە تەنیا لە سەرەتای ڕاسان بەشدار بێت و بهێڵێت کەسانی دیکە ئەو ڕێگەیە درێژە بدەن و گیانی خۆیان بەخت بکەن. ئەوە بوو کە تەنانەت بەپێچەوانەی ڕێنوێنییەکانی ڕێبەرایەتیی حیزب، لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان گەڕایەوە کوردستانی ئێران و بەداخەوە پاش چەند ڕۆژێک لە \"حەماسەی کۆساڵان\" لە هەوڵێکی شۆڕشگێرانەی دگمەندا لەگەڵ هاوسەنگەرەکەی شەهید سەرکەوت سەمەدی شەهید بوون.

هەموو ئەو خاڵانە کە ئاماژەی پێ کرا، کاریگەریی لەسەر نەوەیەکی نوێ و شۆڕشگێڕی کوردستان هەبووە و ئێستا کاوە جەوانمەرد بووەتە ئوستوورەیەک، ئۆستوورەیەک چ لە نێو تەشکیلات و پێکهاتەی حدکا و چ لە دەرەوەی ئەم تەشکیلاتە ڕێزی دەگێرێت و لەسەر درێژەدان بە ڕێگاکەی جەخت دەکرێتەوە. لە ڕوانگەی منەوە لاوانی کورد دەبێت زۆرتر لەگەڵ ڕەهەند و لایەنی کەسایەتی و خەباتکاریی شەهید کاوە جەوانمەرد ئاشنا ببن و ئەمەش لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی خەباتکاریی کوردستاندا دەبێت.