موختار زارعی: چاوەڕوانی لە دەوڵەتی رۆحانی خواستی کۆمەڵایەتی و گشتیی هاووڵاتییانی کوردە

21:20 - 19 رەشەمه 2713

 

ئاژانسی کوردپا: چالاکانی سیاسی و هاووڵاتییانی کورد خوازیاری بە کردەیی و جێبەجێ کردنی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی لە کاتی هەڵبژاردنەکان‌دا بوون.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ناوەڕاستی ئەم حەفتەیە نوێنەرانی خولەکانی پێشووی مەجلیسی ئیسلامی لە کەمینە نەتەوەییەکانی دانێشتووی ئێران کۆبوونەوەیەکیان لەمەڕ کارکردی ٧ مانگەی دەوڵەتی رۆحانی پێک دێنن.

لەو دانیشتنەدا بەدواداچوون بۆ شێوەی کارکردی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بە بەڵێنییەکانی کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماری سەربارەت بە \"مافی نەتەوەکان، ئایین و مەزهەبەکان\" دەکرێت.

\"18684.jpg\"

 

موختار زارعی، ئەندامی بەرەی یەکگرتووی کورد

حەسەن رۆحانی لە رێکەوتی ٩ی جۆزەردانی ئەمساڵ بەیانییەی ژمارە ٣ی بڵاو کردەوە، کە ١٠ ماددەی بۆ \"مافی نەتەوەکان، ئایین و مەزهەبەکان تەرخان کردبوو.\"

محەممەد محەمەدرەزایی نوێنەری کوردی خولی شەشەمی لە شاری بیجاڕ بە هەواڵدەریی ئیسنای راگەیاندبوو: ئێمە وەکوو نوێنەرانی خولەکانی مەجلیس و دەمانهەوێ لە دانیشتنێکدا کە کارکردی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لەمەڕ بەڵێنییەکانی کاتی هەڵبژاردندا تاوتوێ بکەین.

هەر لەو پەیوەندییەدا موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد باسی لە پشتیوانی نەکردنی ستادی هەڵبژاردنەکانی حەسەن رۆحانی لە بەرەی یەکگرتووی کورد کرد و رایەگەیاند؛ ئێمە بە سەرنجدان بەوەیکە حەسەن رۆحانی بە نیسبەت پاڵێوراوەکانی دیکە لە روانگە و بۆچوونی ئێمە نزیکتر بوو، بۆیە ئێمە پشتیوانیی خۆمان لێ راگەیاند.

ئەو چالاکە سیاسییە لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بەرێوەچوونی ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە پاش ٩ مانگ لە دەستبەکار بوونی حەسەن رۆحانی هێندێک زوو نییە، رایگەیاند: نەخێر، چونکە لە ئەسڵدا باس کردن لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتە، کە ناوەندە یاسایی و بڕیاردەرەکانی لە بەر دەست دایە و هیچ کاتێکیش زوو نییە و تەنانەت هەر لە چەند مانگی دەستپێکەوە دەکرێ کارکردی دەولەت تاوتوێ بکرێت.

ئەو ئەندامەی بەرەی یەکرتووی کورد لە کۆتاییدا بسی لەوەش کرد؛ تەنیا بژردە و رۆشنبیران چاوەڕوانی جێبەجێ بوونی بەڵێنییەکانی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی نین، بەڵکوو ئەمە چاوەڕوانییەکی گشتییە و لانیکەم دەنگدەران لە رۆژان و مانگەکانی داهاتوودا بە تایبەت بە نیسبەت پرسی نەتەوەکان هەڵسەنگاندن دەکەن.

لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، دەولەتی حەسەن رۆحانی بە کردەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا نەیتوانیوە بەڵێنییەکانی خۆی بباتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، کە دانانی ئوستانداری غەیرە کورد بۆ ئوستانەکانی کرماشان، ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و ئیلام نموونەیەکی بەرچاوی ئەو راستیەن.

وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی تەنانەت لە کاتی ناساندنی ئوستانداری کوردستاندا گوتبووی: \" بەداخەوە کەسێکی شیاومان لە کوردستاندا دەست نەکەوت کە وەکوو ئوستاندار دەستنیشانی بکەین\".

هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کرماشان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"من وەکوو کەسێک کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی جۆزەرداندا بەشداریم کرد و دەنگم بە حەسەن رۆحانی دا، بەڵام هیچ گۆرانکارییەکی بەرهەست و بەرچاوم نەبینیوە\".

ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: من خوێندکاری زانکۆی رازیی کرماشانم، بەڵام هەتا ئێستاش حەراسەتی زانکۆ ئیزنی هیچ چەشنە چالاکییەکی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبی بە خوێندکاران نادات و مۆڵەتی چاپ بە هیچ بڵاڤۆکێکی کوردی نادات.