موختار زارعی بە سێ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

14:20 - 8 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی سێ ساڵ زیندان، بە چالاکێکی مەدەنی کورد ڕاگەیەندرا.

موختار زارعی چالاکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری سنە، لە تێلگرامی شەخسی خۆیدا، ڕایگەیاندووە: \"ڕۆژی ٧ی بانەمەڕی ٩٨، لە کاتی ئامادەبوونم لە دادگا، پێیان ڕاگەیاندم ،تەنیا مافی خوێندنەوەی بڕیارەکە و ڕوونووس کردنت هەیە و کورتکراوەکەی ئەو بڕیارە بەچەشنەیە. دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە تاوانی بێرێزی بە ڕێبەر و هەروەها ساڵێک زیندانی تەعزیری بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بەڵگەکانی بڕیاری دادگا هەمان نامە ڕەخنەی‌ئامێز بە ڕێبەری بووە کە ساڵی ڕابردوو لە لاپەڕی ئینیستاگرام بڵاوم کردبووە\".

ڕۆژی شەممە ٢٤ی خاکەلێوە، دادگایی کردنی موختار زارعی، چالاکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری سنە، بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران، پڕوپاگەیاندە دژی نیزام\" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەڕێوەچوو.

دادگایی کردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شەرەفی\" و بەبەشداری ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و نوێنەری دادستانی شاری سنە، بەڕێوەچوو.

مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری سنە، حوکمی سێ ساڵ زیندانی تەعزیری بە شێوەی غیابی بۆ ئەو چالاکە مەدەنییە، بڕیبووە.

موختار زارعی بە تۆمەتی \"بێڕیزی بە ڕێبەری نیزام\" بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و هەروەها، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.