موحسێن بیگلەری: قوربانییانی مین لە کوردستان، پشتیوانی ناکرێن

14:53 - 11 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی ئێراندا ڕایگەیاند: \"پاش تێپەڕین بە سەر شەڕی ئێران و عێراق، مین وەکوو میوانێکی لە ناکاو، سەدان هاووڵاتیی لە کوردستان کردووەتە قوربانی\".

\"موحسێن بیگلەری\"، نوێنەری مەجلیس، لە کۆبوونەوەی ئوستانیی ڕێزگرتن لە مینهەڵگرەکاندا، ڕایگەیاند: \"مینە چێندراوەکان لە کوردستان، گیانی سەدان کەسی ئەستاندووە و هەروەها سەدان کەس بەهۆی تەقینەوەی مین لە کوردستاندا کەمئەندام بوون\".

بە وتەی ئەو نوێنەری مەجلیسە، سەرەڕای گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستاندا بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران وعێراق، هەتا ئێستا، بەرکەوتووانی مینەکان وەکوو پێویست لە لایەن ناوەندە پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتەوە ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە و لە پشتیوانیکردنی ئەو ناوەندانە بێبەرین.

\"موحسێن بیگلەری\"، مینە چێندراوەکانی لە کوردستاندا بە میوانی ناوەخت ناو بردووە کە سەدان کەس لە هاووڵاتییانی کوردی کردووەتە قوربانی.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ٤٣ هەزار کیلۆمێتر لە خاکی ئێران، بە مین چێندراوە.

سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دیسان تاوانی ئەو شەڕە دەدەنەوە و ماوە ماوە هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان بەهۆی کۆنەکردنەوەی مینە بەجێماوەکان، دەبنە قوربانی.