موحسین لوڕستانی دادگایی کرا

10:30 - 16 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران، هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری کرماشانی بە تۆمەتی "مەسائیلی ئیخلاقی و تایبەتی" دادگایی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "موحسین لوڕستانی" هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تارانەوە، دادگایی کرا.

ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕەزبەر، ئەو هونەرمەندە کوردە دادگایی کراوە و لە هەنووکەدا لەسەر وردەکارییەکانی دادگاییەکەی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، سەید "کازم حوسێنی"، پارێزەری "موحسین لوڕستانی" لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" ڕاگەیاندووە کە بریگرتەکەی لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە ماڵی دایکی لە "سەعادەت ئاوا" دەسبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زینداندایە.

بە وتەی پارێزەری "موحسین لوڕستانی"، دۆسیەی بریگرتەکەی لەسەر سکاڵای دادستان و بە نامەی داواکاریی‌ حاکم ‌لە دژی "‌موحسین لوڕستانی" بە تۆمەتی "افساد فی الارض" بۆ لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران نێردراوە.