موحسین لوڕستانی بە "افساد فی الارض" تاوانبار کرا

12:03 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: گۆرانیبێژێکی کرماشانی بە "افساد فی الارض" تاوانبار و دۆسیەی ناوبراو ڕەوانەی دادگای ئینقلابی شاری تاران کرا.

سەید "کازم حوسێنی"، پارێزەری "موحسین لوڕستانی" لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" ڕاگەیاندووە کە بریگرتەکەی لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە ماڵی دایکی لە "سەعادەت ئاوا" دەسبەسەر و لەو کاتەوە هەتا ئێستا لە زینداندایە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "دۆسیەی بریگرتەکەم لەسەر سکاڵای دادستان و بە نامەی داواکاریی‌ حاکم ‌لە دژی ‌موحسین لوڕستانی بە تۆمەتی "افساد فی الارض" بۆ لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تاران نێردراوە."

پارێزەری ئەو گۆرانیبێژه ڕایگەیاندووە: "مەسەلەی تۆمەتی بریگرتەکەم لە پەیوەندی لەگەڵ مەسائیلی ئیخلاقی و تایبەتی بووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە".

"موحسین لوڕستانی" خەڵکی شاری کرماشان و لەدایکبوونی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییە.