موحسین بیگلەری: شارەدارییەکانی پارێزگای سنە لە ئەگەری مایەپووچ بووندان

20:12 - 2 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: بە هۆی ئاستەنگە ماڵییەکان لە بەردەم شارەدارییەکانی پارێزگای سنە، شارەدارییەکانی ئەم پارێزگا لە بەرەبەری ماپەیووچ بووندان.

موحسێن بیگلەری، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیس ڕایگەیاند: ئاستەنگە ماڵییەکان لە بەردەم شارەدارییەکان بووەتە هۆی نەدانی مووچە و ئەمەش، شارەدارییەکانی لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە.

ئەو نوێنەری مەجلیسی حکوومەتی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە درێژبوونەوەی ماوەی پێنەدانی پارەی کرێکارانی شارەدارییەکان ڕایگەیاند: بە هۆی زۆربوونی ژمارەی کرێکاران لە شارەدارییەکان و پێنەدانی پارە بەو کرێکارانە کێشە بۆ بنەماڵەکانیان دروست بووە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەو کرد کە، شارەدارییەکانی پارێزگای سنە بە هۆی قەرزداربوونیان و پارەی دواکەوتووی چەند میلیاردی تووشی دۆشداماوی بوون؛ ڕاشیگەیاند: شارەداری شاری سەقز وەکوو قەزردارترین شارەداری پارێزگای سنە زیاتر لە ١٤٠ میلیارد تمەن قەرزدارە و ئەمەش بووەتە هۆی پێنەدانی \"دست چک\" لە لایەن بانکەوە بەو ڕێکخراوەیە.

ئەو نوێنەرەی مەجلیس هەروەها باسی لە یەکێک لە کێشەکانی شارەدارییەکانی پارێزگازی سنە کرد و ڕایگەیاند: بوونی زەوییە بەڵگەنامەدارەکان کە بەستێنی فرۆشتنی شار و \"ساخت و سازها\"ی بەموڵەت کێشەی بۆ شارەدارییەکان دروست کردووە.

موحسێن بیگلەری هەروەها ئاماژەی بە کێشەکانی دیکەی وەک نەبوون و کەمبوونی کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە، نەبوونی ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگای گوندەکان، حقووق دێهیارەکان، گەڵاڵەی دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و راکێشانی گاز بۆ گوندەکان کردووە.