محەمەد ساڵح نیکبەخت: هێزە ئینتزامی‌یەکان تەنیا بە هێنانەوەی پاساو لەمەڕ کوشتنی هاووڵاتییان، لە سزا بێبەری دەبن

22:08 - 7 جۆزەردان 2714

 

ئاژانسی کوردپا: لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە جادە و ریگەوبانەکان بە دەستی هیزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و هیچ‌کام لە بکوژەکان لە دادگادا سزا نەدراون یان تەنانەت بەدواداچوونیت یاساییشی بۆ نەکراوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ زیاتر روون بوونەوەی رەوتی پەروەندەی ئەو هاووڵاتی و کۆڵبەرانەی کە بەدەستی هێزە ئینزامییەکان کوژراون دیمانەیەکی لەگەڵ محەمەد ساڵح نیکبەخت، پارێزەر لە دادگاکانی ئێران و شارەزای یاسان نێونەتەوەیی پێکهێناوە کە لێرەدا دەخرێتە روو:

نیکبەخت سەبارەت بە چۆنیەتیی یاسای بەکارهێنانی چەک رایگەیاند؛ یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ سەردەمی ئەحمەد شای قاجار دەگەرێتەوە، بەڵام ٢١ ساڵ پێش ئێستا بۆ \"چۆنەیتیی بەکارهێنانی چەک\" گۆڕدرا، کە بەو پێیە دەبێ ئەو کەسە بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە پاشان تەقەی هەوایی و لە ئەنجامدا دەبێ لە پشتوێن بەرەو خوار تەقەی لێ بکرێت.

ئەو پارێزەرە کوردە، سەبارەت بەوەی، کە رەوتی یاسایی هیچ کام لەپەروەندەی کوژراوەکان لەلایەن بنەماڵەی هاووڵاتییە کوژراوەکانەوە بە ئەنجام ناگات، رایگەیاند؛ \"بە داخەوە ئێستا هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان لە دادگاکاندا بەپێی چەند پاساوێکی وەک، کە دەڵێن: لەپێشدا عەلامەتمان پێداوە و دواتر بە دەنگ ئاگادارمان کردۆتەوە، کە خۆت بەدەستەوە بدەو دواتر تەقەی هەواییمان کردووەو لە ئەنجامدا تەقەمان لێکردووە، خۆیان لە سزا بێبەری دەکەن.

محمەمد ساڵح نیکبەخت ئەوەشی خستەروو، پاشانیش ئەگەر لە کەمەر بەرەو خوار کەسەکەیان نەپێکابێت، دەڵێن: چونکە مەوداکەی دوور بووە بۆمان تەشخیس نەدراوەو لە ئەنجامدا گولـلەکە بەر شوێنی کاریگەری کەوتووەو گیانی لەدەست داوە.

نیکبەخت گوتیشی؛ ئەم پاساوە ئەگەر بۆ مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان و هێزەکانی کاڵا قاچاخ بێت، یاسا هیچ بەدواداچوونێکی دیکەی بۆ ناکات و بەم پاساوە بەسندە دەکات.

ئەو پارێزەرە یاسازانە نێونەتەوەییە باسی لەوەش کرد، ئەگەر کەسێک ماشێنی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشێنەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشێنەکەو لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.

سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و رەوتی بێ ئەنجامی پەروەندەکەیان گوتی؛ ئەگەر ئەم تێبینی و ماددە یاساییانە لەبەر چاو نەگیرێن، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە، ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت، کە حوکمەکەی سێدارە دەبێت.

محەمەد ساڵح نیکبەخت ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران بەشێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون.