محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی به شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا

16:36 - 13 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان به شێوەی مەرجدار لە زیندانی بیرجەند ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەز، محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان پاش ١٣ساڵ و شەش مانگ زیندان به شێوەی مەرجدار لە زیندانی بیرجەند ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران لە کۆتاییدا داخوازیی \"ئازادیی بێمەرجی\" ئەو زیندانییە سیاسییەی قەبووڵ کردووە و ناوبراو ئێستا لە ڕێگای گەڕانەوە بەرەو شاری بۆکانە.

پێشتر دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران داخوازیی \"ئازادیی بێمەرجی\" ئەو زیندانییە سیاسییەی ڕەت کرد بوو.

٣ی خەرمانانی ئەمساڵ، محەممەدئەمین عەبدوڵڵاهی لە لایەن لقی ١٠٤ دادگای گشتیی بیرجەندەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موجتەبا بە لێدانی ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاییزی ساڵی ٨٤ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران \"بە ١٨ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخرانەوەی بۆ زیندانی \"تەبەس\" مەحکووم کرا.