محەممەدسدیق کەبوودوەند: بێدەنگیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەراندا، هەڵاواردن لە دژکردەوەکانە

15:08 - 18 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ڕەخنەی لە بێدەنگیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەراندا گرت.

مـحەممەدسدیق کەبوودوەند، بەرپرسی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکی دیاری مافی مرۆڤ، به بڵاوکردنەوەی توئیتێک له توئیتێری خۆیدا لە هەمبەر مەرگی کۆڵبەران دژکردەوەی نیشان دا.

ئەم چالاکە بەرچاوەی مافی مرۆڤ نووسیویەتی: \"کوژرانی ئەو ئینسانانەی کە کەرامەت و شەرافەتی ئینسانیی خۆیان به کۆڵ دەکێشن و بۆ دابینکردنی لانیکەمی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان گیانیان لە دەست دەدەن، جێگای داخ و کەسەرە\".

مـحەممەدسدیق کەبوودوەند، جەختی کردووەتەوە: \"بەڵام دڵتەزێنتر لەوە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی تاقمێکی زۆر لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە بەرانبەر ئازار و هەڵاواردنەکانە\".

کۆڵبەر، ناوی توێژەێکی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێرانە، که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانن.

ناوەندە حکوومەتییەکان ئێران، لە گەڵ کۆڵبەران و کاسبکارەکانی کوردستان وەکوو قاچاخچییانی شتومەک هەڵسوکەوت دەکەن، لە حاڵێکدا که خەڵکی کوردستانی ئێران به هۆی نەبوونی دەرفەتی کار و پیشە و ڕوانگەی ئەمنییەتیی حکوومەت نیسبەت بە کوردستان، لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان له کاری پڕ لە چەرمەسەریی کۆڵبەری کردووە و لەم پێوەندییەشدا زۆربەی کۆڵبەرەکان گیانیان لە دەست دەدەن.

شایانی باسە، مـحەممەدسدیق کەبوودوەند، دامەزرێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ١٠ ساڵ، لە ڕۆژی هەینی، ٢٢ی گوڵانی ١٣٩٦، لە زیندان ئازاد کرا.