محەممەد محەممەدرەزایی: هێشتا بەرچاوتەنگیی مەزهەبی و روانینە پووچە ئەمنییەکان بەسەر کوردستاندا زاڵە

15:17 - 29 رێبەندان 2713

 

ئاژانسی کوردپا: لە چەند حەفتەی رابردوودا مەسەلەی گۆڕینی بەرێوەبەری لە ناوچەکوردنشینەکانی ئیران، چ لە ئاستی ئوستان و چ لە شارەکاندا، بۆتە باسێکی جێگەی مشتومڕی چالاکان و هێندیک لە چالاکان لەمەڕ وادە و بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی هیوابڕاو بوونە.
لەم پەیوەندییەدا، ئاژانسی کودپا دیمانەیەکی لەگەڵ عەتا محەمەمد محەممەدرەزایی، نوێنەری رێفۆرم‌خوازی دەورەی شەشەمی شاری بیجاڕ لە ئوستانی کوردستان پێکهێناوە، کە لێرەدا وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

ئاژانسی کوردپا: ئێوە وەکوو چالاکێکی سیاسیی کورد، راتان لەسەر مانای \"بەرپرسانی خۆجێیی\" لە ئوستان‌دا چییە؟
محەممەد محەممەدرەزایی: من هەموو هێزە کوردییەکان، بەبێ لەبەر چاو گرتنی مەزهەب و مەرام و روانگەی سیاسی، لە هەر شوێنیکی ئێراندا بێت، بە خۆجیی دەزانم و بەو پێیە داکۆکییان لێ دەکەم، مەگەر ئەوەی خەیانەت بە مافی گشتی بکات. هەڵبەت بە مانای رەت کردنەوەی پێکهاتە ئیتنیکییەکانی دیکە نییە. هەر کەس جێ پەنجەی خزمەت کردنی بە کوردستاناتەوە دیار بێت، دەستی بە گەرمی دەگووشین.

ئاژانسی کوردپا: لەم حەفتانەی دواییدا پرسی ئاڵوگۆڕی مودیرییەت لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، چ لەئاستی ئوستان و چ لەئاستی شارەکان، لەنێوان چالاکاندا بۆتە پرسێکی جێی باس هەڵگر و هێندێ‌لەو چالاکانە لە وەدیهاتنی بەڵێنییەکانی رۆحانی بە تەواوەوتی هیوا بڕ بوونە.

لەو پێوەندییەدا وتووێژێکمان لەگەڵ محەممەد محەممەدرەزایی، نوێنەری رێفۆرمخوازی خولی شەشەمی شارستانی بیجار لەئوستانی کوردستان پێکهێناوە و دەقەکەی بەم چەشنەیە:

کوردپا: ئێوە وەکوو چالاکێکی سیاسیی کورد، ڕاتان لە سەر دەستەواژەی \" مودیرانی خۆجەیی\" لە ئوستاندا چیە؟
محەممەد محەممەدرەزایی: لەروانگەی منەوە هەر هێزێکی کوردی بەدەر لە مەزهەب و مەرامی سیاسیی لە هەر جێگای ئەو ئێرانە بێت بە هێزێکی خۆجەیی دەزانم و پشتیوانیشی لێدەکەم، مەگەر ئەوەی بیهەوێ‌خزمەتەکانی زیاتر بەلای کەڵک وەرگرتنی خراب و خەیانەتدا بشکێتەوە. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە ئیدی \"قەوم\" نییە. هەر کەسێک بەردێکی لەپێناو خزمەتگوزاریدا لەسەر بەردێکی دیکە دانابێ‌من دەستی دەگوشم.

کوردپا: هەواڵ و راپۆرتەکان باس لە ئاڵوگۆڕی مودیرییەتی لە ئوستانی کوردستاندا دەکەن، رەوتی ئەو گۆڕانە چۆن دەبینن؟ ئایا ئەو رەوتە گۆڕانە، یان هێندێ‌شتی دیکەی لەپشتە؟
محەممەد محەممەدرەزایی: ئاڵوگۆڕی مودیرییەتی لەئاستی ئوستانداری وەکوو دەوڵەتێکی ناوچەیی و نوێنەری دەوڵەتی ناوەندی و ناوەندی حکوومەت روو دەدات. ئەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ویستی خەڵک، بەڵینییەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندی گشتیی و نەتەوەیی کۆماریی ئیسلامیی ئێران ناگونجێ‌. لە دیاریکردنی ئوستانداردا پەرش و بڵاوی هێزە سیاسییەکانی ئوستان و روانینی یەکلایەنە و پاوانخوازی لایەنەکانی رێفۆرم و ئەندامانی ستادی ئینتخاباتی روحانی لەکوردستان وایکرد کە دەوڵەتی ناوەند بە دڵی خۆی رێگەی بۆ ئوستاندارێکی ناخۆجەیی خۆش بکات. هەر چەندە هەتا ئێستاش هێزە بان یاسایی و بەرچاوتەنگیی مەزهەبیی و روانینە پووچە ئەمنیەتییەکان بەسەر کوردستاندا زاڵە، بەڵام بەر لەوان خودی چالاکانی سیاسی ئوستانی کوردستان بەتایبەت لایەنەکانی بەشدار و ئەندامانی ستادی روحانی خەتابارن. هەر لە رۆژەکانی یەکەمەوە تەنیا یەک خاڵیان وەکوو کارتێکی فشار بۆ سەر دەوڵەت بەکار هێنا، ئەمە لەحاڵێکدابوو کە عەقلی سیاسی پێی دەگوتین کە پێویستە لە ١٠ رێگەی جیاوازەوە لەگەڵ دەوڵەت بچینە سەر میزی وتووێژەوە. بەهەر حاڵ ئاغای زاهیدی وەکوو ئوستاندار دیاریکرا لەو ماوەیەشدا هێندێ‌ئاڵوگۆڕ لە ئوستانداریی و فەرماندارییەکان رووی داوە و جێگای نیگەرانین و ئێمە کە بەشێک لە لایەنگرانی ئەو بووین ئێستاکە بەرلە هەموو کەس ناڕەازین، و چاوەڕوانی ئێمە هەڵبژاردنی جێگری سیاسیی ئەمنیەتیی لە نێو هێزە خۆجەییەکاندایە.

کوردپا: ئایا ئێستا دەکرێ‌بڵێین کە دەوڵەتی \"تەدبیر و ئومید\"‌ی روحانی بەڵێنییەکانی خۆی لەبارەی کوردستاندا بە جێ‌گەیاندووە؟ یان هێشتا زوویە؟
محەممەد محەممەدرەزایی: بە داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان، کەلە دوایین هەڵبژاردندا زۆرترین دەنگیان بە روحانی دا. نا!؟ دیارە لە نێو خودی دەسەڵاتدا هێندێ‌رەوتی دژبەر هەن و لە ناوەوە هەوڵ دەدەن دەوڵەت بە رێڕەوی خۆیاندا ببەن هەتا بە ئامانجەکانیان بگەن. شەخسی روحانی پێشتر تەشکیلاتێکی حیزبی سیاسی و یەکگرتووی نەبوو و ئێستاش دەوڵەتەکەی بە شێوەی دووڕگەیی بەڕێوە دەچێت و هەر دووڕگەیەکیش لە دەستی گرووپێک دایە کە دژ بەیەکن. لەو نێوەدا هەلپەرەستان کە بەردەوام چاوی تەماحیان بڕیوە مەسەلەی ئابوورییەوە بیدەنگ نەبوون و بە گۆڕینی رەنگی خۆیان دزەیان کردۆتە ناو دەوڵەتەوە.

کوردپا: زیاتر گۆڕان لە کام ناوەندا رووی داوە و ئایا هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک بە مانای باشتر بوونی دۆخی هەنووکەیە؟
محەممەد محەممەدرەزایی: هەتا ئێستا ئاڵوگۆری بنەڕەتی و بەرچاو لەکوردستان رووی نەداوە، بەڵام ساڵی خۆش بە بەهارەکەی‌ڕا دیارە. دژبەرانی دەوڵەت و هەلپەرەستان جڵەوی ئوستانداریان لە دەست دایەو لە ناوەندیش ئەوەندە کێشە و ئاریشە بۆ دەوڵەت بەجێ‌ماوە و لەلایەکی دیکەشەوە لایەنە دەسەڵاتخواز و بەرژەوەندیخوازەکان بە پشتیوانەی ماڵی، نیزامی، قەزایی ریزیان بەستووە کە بوونەتە لەمپەڕێکی گەوەر لە بەردەم دەوڵەتدا و لەلایەکی دیکەوە هەر ئەو لایانانە لە مەجلیسیشدا لە هەوڵی ئەوەدان کە بە دانی بەرنامەی غەڵەت کاری دەوڵەت ئەستەمتر بکەنەوە، بەڕێوە بردنی فازی دووەمی ئامانجدارکردنەکان لە هەمبەر چوونە سەری نرخی وەزە کە هەژاری و بێ‌دەرەتانی کۆمەڵگە ئازار دەدات و نموونەکەی هێرشی خەڵکی بۆ وەرگرتنی سەبەتی کاڵا بوو. پەسەند کردنی یاسای بودجە لەو دۆخەدا واتە خۆکوژی کۆمەڵایەتیی دەوڵەت.

جێگای سەرنج ئەوەیە کە هێندێ‌لایەن لە مەجلیس ئەو مشتومڕەیان بۆ دەوڵەت دروست کردووە کە بۆ خۆیان سەردەمانێک بە مەبەستی بە دەستهێنانی دەنگی خەڵکی گەڵاڵەی سابت کردنی نرخەکانیان پەسەند دەکرد. دەسەڵاتداران و بەرژەوەندیخوازەکان لە هەوڵی ئەوەدان قەیران بۆ دەوڵەت دروست بکەن و هەواڵەکان باس لەوە دەکەن گەڵاڵەی چوونە سەری نرخی وزە هەتا ٧٠% لە مەجلیس کە کاریگەری راستەوخۆی لە هەڵاوساندا هەیە، دەبێتە قەیران و کێشە بۆ دەوڵەت و نموونەکەشی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی هەڵنەسێنگێندراوی سەبەتی کاڵا بوو.

کوردپا: ئێوە کە سەردەمانێک نوێنەری مەجلیس بوون ئایا ئاڵوگۆڕ بە رەوتێکی یاسایی دەزانن و بەڕای ئێوە پێویستە چالاکانی سیاسیی، فەرهەنگی و مەدەنیی چ هەنگاوێک لەپێناو ئاڵوگۆڕی دروستدا هەڵبگرن؟
محەممەد محەممەدرەزایی: رەوتی ئاڵوگۆڕ چ لەئاستی نەتەوەیی و چ لەئاستی ناوچەدا جێگای شرۆڤە کردنە. بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکان لەرێگەی یاسایی و دروست ئەنجام دراوە و جێگای بەرگریی لێکردنە. بەڵام لەپێوەندیی ئوستانی کوردستان دۆخەکە جیاوازە. لێردەدا ناوەندە بان یاساییەکان بەسەر ناوەندە یاساییەکاندا زاڵن، بەداخەوە بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانەش لە هەمبەر هیچ ناوەندێکی قەزاییدا وەڵامدەر نین و بڕیارەکانیان دەسەڵاتی بەسەر لێپرسراوانی قەزایی و ناوەندە یاساییەکاندا هەیە. کاتێک ئوستاندار و نوێنەری باڵای دەوڵەت دەکەونە بەر ئەو پرسیارەوە کە بۆچی ئەو گۆڕانە لەرێگەی ئەو کەسە ئەنجام درا، دەڵێین لەژێر فشاردا بووین، ئەوەش ئوستانداریی کە بێجگە لە کەسانێکی پۆست و مەقام خۆشەویست، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکیدا هیچ پێگەیەکیان بەدەست نەهێناوە و ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە لەگەڵ دۆخی ئوستان ئاشنا نیە و ئەگەڕیش ئاڵوگۆڕ لە رەفتاری خۆیدا پێک نەهێنێت، سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لە بیاڤی بەرپرسیاریەتییەکەیدا بە دوور لە چاوەڕوانی نییە. داوام لە هەموو دڵسۆزانی کوردستان ئەوەیە، کە رێگەی راست و دروست پێشان بدەن هەتا دەوڵەت لەوە زیاتر لاواز نەبێت.