محەممەد سدیق کەبوودوەند \"ممنوع‌الخروج\" کرا

21:30 - 18 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سەرۆکی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، \"ممنوع‌الخروج\" کرا.

\"محەممەد سدیق کەبوودوەند\"، سەرۆکی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە لاپەڕەی کەسیی خۆیدا ڕایگەیاند کە حوکمی \"ممنوع‌الخروجیـ\"ـی ناوبراو دەرکراوە.

ئەو چالاکە مافی مرۆییە نووسیوویەتی: \"زۆڵم، نادادپەروەری و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی ئینسانیی من و بنەماڵەکەم، کۆتایی بۆ نییە. پاش ١٠ ساڵ لە زیندانیکردن و بەکاربردنی کردەوەی دژوار و لەگەڵ بارودۆخی خراپی ئابووریی بنەماڵە، بێبەری لە گشتییەتیی مافی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوون و کار، \"مجازات تبعی\" بەڕێوەچووە و دەستی پێکردووە و هەنووکەش لەگەڵ \"ممنوع‌الخروج\"بوونی من لە ئێران، ئەو گەمارۆیە تەکمیلتر دەبێت\".

٢٢ی بانەمەڕی ساڵی ٩٦، \"محەممەد سدیق کەبوودوەند\"، دامەرزێنەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پاش ١٠ ساڵ لە زیندان ئازاد کرا.

\"محەممەد سدیق کەبوودوەند\" لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر و زیندانی کرا. \"کەبوودوەند\" چالاکییە مەدەنی و مرۆییەکانی خۆی لە ڕێگای ئاشتیخوازانەوە دەست پێکردووە و لەلایەن دەزگاگانی ئەمنییەتی و ئیتلاعاتی و سپای پاسداران لەژێر کۆنترۆڵ و چاوەدێریدا بووە و پەروەندەیان بۆ ناوبراو لە دەزگای قەزایی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجان و تاران بۆ کردەوە، لانیکەم لەو چوار پەروەندەیە کە بۆ ناوبراو دروست کرا، دوو لەو پەروەندانە تەرخان کراوە بۆ تۆمەتلێدانی ناوبراو بەتایبەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام، بڵاوکردنەوەی کتێبی نایاسای، تێکدانی بیروڕای گشتی و دامەزراندنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، لە یەکێک لەو پەروەندانەدا بە یەک ساڵ زیندانی، بێبەشکردن لە چالاکیی ڕۆژنامەوانی، لێسەندنەوەی ئێمتیاز و پێشگرتن لە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری یاسایی، هەروەها ١٠ساڵیش زیندانی سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانی بۆ بڕایەوە کە سەرجەم ١١ ساڵ حوکمی زیندانیی بە سەردا سەپابوو.

کەبوودوەند لە ماوەی دەستبەسەری‌ لە زیندانی \"ئەوینـ\"ـی تاران، دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ و جارێکیش تووشی جەڵتەی مێشک هاتبوو.