محەممەد ساڵح نیکبەخت: کوردەکان دەبێ ئەندامانی داعش لە سووریە دادگایی بکەن

16:28 - 20 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: \"محەممەد ساڵح نیکبەخت\"، پارێزەری پلەی یەکی کورد، سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەندامانی گرووپی داعش ڕایگەیاند کە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە کە ئەندامانی داعش دادگایی بکەن.

\"محەممەد ساڵح نیکبەخت\"، پارێزەری کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە کۆنفڕانسێکی نێونەتەوەیی کە لە شاری \"عامودا\"ی پارێزگای قامیشلوو لە کوردستانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، باسی لەوە کرد کە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە ئەندامانی داعش دادگایی بکەن.

ئەو پارێزەرە پلە یەکە هەروەها وتی: \"بەڕێوەچوونی ئەو کۆنفڕانسە نێونەتەوەییە لە شاری عامودا، لە دوو ئامانجی سەرەکیی ٢٠ بابەتیی جۆراوجۆر پێکهاتووە. ئامانجی یەکەمی ئەو کۆنفڕانسە، ئەوەیە کە ئەندامانی داعش دەبێ دادگایی بکرێن و ئامانجی دووهەم ئەوەیە کە کێ دادگاییان بکات\".

\"محەممەد ساڵح نیکبەخت\" هەروەها ڕایگەیاند: \"چۆن کوردکان لە کاتی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەندامانی گرووپی داعش هەڵسوکەوتێکی مرۆییان هەبوو، ئەو مافەیان هەیە کە ئەندامانی داعش لە کوردستانی سووریە دادگایی بکرێن. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هاوبیروڕایە لەگەڵ ئەوان\".

هەنووکە نزیک بە ١٥ هەزار لە ئەندامانی گرووپی داعش و بنەماڵەکانیان دیلی هێزە کوردییەکانن و ڕاگرتنی ئەمانە کێشەی خۆیان هەیە، ئەگەر ئەم ژمارەیە ئازاد بکرێن ئەگەری مەترسی هەیە و ئەگەریش ئازاد و دادگایی نەکرێن، ئەگەری هەیە کەسی بێتاوان لە نێویاندا بیت و ئەم کارەش دروست نییە.

ناوبراو هەروەها، وتی: \"لە دامەزراندنی دادگای نێونەتەوەیی لە کوردستانی سووریە، هێزە هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکان دەبێ پشتیوانییە مادی و لۆجستیکییەکانی خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی خودموختاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە، بە ئەنجام بگەیەنن\".