ماوەی دەسبەسەریی هاووڵاتییەک لە گرتنگەی ورمێدا درێژ کرایەوە

10:52 - 21 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ماوەی ٢٠ ڕۆژی دیکەیان بۆ دەسبەسەریی هاووڵاتییەکی کورد لەو گرتنگەیەدا درێژ کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ماوەی دەسبەسەریی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی "سەید ڕەزا ئەحمەدی" کوڕی "سەید عەلیـ"ـی، بۆ ٢٠ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ٦ ڕۆژ پێش، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش لێپرسینەوەکەی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد بکرێت، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ، ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی لەو ناوەندە حکوومەتییە درێژ کردووەتەوە".

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر کرابوو.