ماوەی دەسبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی درێژ کرایەوە

17:35 - 21 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: قەراری دەسبەسەرکرانی نووسەر و لێکۆڵەرێکی کورد بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادسەرای شەهید موقەدەسی، لقی ئەوین، دەسبەسەرکرانی کامیل ئەحمەدی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژ کردەوە.

شەفەق ڕەحمانی، هاوسەری ئەم لێکۆڵەرە کوردە سەبارەت بە دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەی لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویەتی: " قەراری دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەم، کامیل ئەحمەدی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. سەبارەت بە تاوانی ناوبراو شتێکیان پێ ڕانەگەیاندووین، بەڵام لە چاوپێکەتن لەگەڵ ئەودا لە دادسەرا، پێی وتم کە لێپرسینەوەکان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی بووە و چەند ڕۆژە کە لێپرسینەوەکەی تەواو بووە و بردوویانەتە ژوورێکی سێ کەسی. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستم هێناون، تێگەیشتم کە کامیل لە بەندی ٢ ئەلف کە تایبەت بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانە ڕاگیراوە. من و هاوسەرەکەم هیوامان بە ئازادکرانی زۆر بوو بەڵام بەداخەوە قەراری دەسبەسەرکرانەکەی سەرلەنوێ بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە."

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی گەلاوێژ، کامیل ئەحمەدی، نووسەر و لیکۆڵەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە خانووی خۆیدا لە شاری تاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. تاکوو ئێستا تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم لێکۆڵەرە کوردە ڕانەگەیەندراوە.