مانگنامەی \"کرێکار\" بۆ رووماڵی رووداوە کرێکارییەکانی کوردستانی ئێران (رێبەندان)

13:03 - 30 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: لەمانگی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە و هەروەها ٦٠ کرێکاریش لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بۆ خستنە رووی رێژەی گیان لەدەستدان و برینداربوونی کرێکارانی کورد، مانگانە راپۆرتێک لەژێر ناوی \"مانگنامەی کرێکار\"‌دا بڵاو دەکاتەوە، کە تیایدا لایەنە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکرانی مافی کرێکارانی کورد دەخرێتەڕوو.

لەماوەی مانگی رێبەنداندا ٢ کرێکاری کوردی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لە شاری سنە و هەرێمی کوردستان بە هۆی روودای کارەوە بوونەتە قوربانی.

\"18419.jpg\"
یەکێک لەو کرێکارانە ناوی ئیبراهیم خزر نیکبەخت تەمەن ٥٦ ساڵ و خەڵکی ناوچەی مەنگوڕایەتیی شاری پیرانشار بووە کە لەکاتی کارکردندا لەهەرێمی کوردستان کەوتۆتە ئاوی ناو حەوزی ماسەشۆری و خنکاوە و هەروەها جەهانگیر ئەمینی خەڵکی ئاوایی \"خانقا\"‌لەکاتی کارکردن لە سەر بانی بیناییەک لەشاری سنە کەوتۆتە خوارێ‌و گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی سێ‌مانگی پاییزدا(رەزبەر، خەزەڵوەر، سەرماوەز)‌ی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ٢٨ کرێکار لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە هۆی رووداوی کار و رووداوەکانی دیکە بوونەتە قوربانی و لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢٤ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەوتەی چالاکانی کرێکاریی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستانی ئێران لەرێگای کرێکارییەوە بژیوی ژیانی رۆژانەیان دابین دەکەن و هیچ جۆرە یاسا و رێسایەک کە مافەکانی کرێکاران لەکوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دەستەبەر بکات، لە گۆڕێدا نییە و کرێکاران بە هەموو شێوەیەک لەلایەن حکوومەت و خاوەنکارەوە، دەچەوسێنەوە.

هەر لەماوەی مانگی رێبەنداندا ٦٠ کرێکار لە دوو شیرکەتی شارەکانی ئیلام و سنە لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە لەسەر کار دەرکراون.

لە کۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٥٠ کرێکاری لە کارگەی مەنتەقەی پیترۆشیمی ئیلام لەکار بێکار کراون و هەروەها ١٠ کرێکاری دیکەی کوردیش لە شیرکەتی بتۆن سازی شاری سنە لەسەر کار دەرکراون.

بە پێی مادەی ٢٦ لەیاسای کار، دەبێ ‌خاوەنکار لەکاتی وەرگرتنی کرێکاردا شێوەی کار و کاتی کارکردنەکە بۆ کرێکار روون بکاتەوە و بەپێی مادەکانی ٧، ٨ و ٩ لە بەندی \"الف\"‌ی یاسای گشتیی کار و مافی کرێکار، هیچ خاوەنکارێک ناتوانێ ‌بەبێ‌هۆ و بە بیانووی جۆراوجۆر کرێکار لەسەر کار دەربکات.

زۆرترین رێژەی بێکاریی لەئوستانە کوردنشینەکانە

\"18417.jpg\"
بەپێی ئاماری ساڵانەی ناوەندی ئاماری ئێران، ئوستانەکانی رۆژئاوای ئێران زۆرترین رێژەی بێکارییان لە ناو حەشیمەتی چالاکی ئێراندا هەیەو بە پێی ئامارەکە جێگە و پێگەی ئوستانە کوردنشینەکان لەنێو ٣٢ ئوستانی ئێراندا بەم شێوەیە:
ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بە ١٣% پلەی بیستەمی هەیە
ئوستانی کرماشان بە ١٥,٩% پلەی بیست و حەوتی هەیە
ئوستانی کوردستان بە ١٦،١% پلەی بیست و هەشتی هەیە
ئوستانی ئیلام بە ١٧،٣% پلەی سی و یەکەمی هەیە