مامۆستایەکی کورد لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کرا

13:19 - 2 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مامۆستایانی بە پێشینەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە شاری جوانڕۆ بانگهێشتی دادگا کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی ڕەزبەر، یەکێک لە مامۆستایانی شاری جوانڕۆ پاش بانگهێشت کردن بۆ دادگای ئەو شارە زیندانی کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ شوناسی ئەو مامۆستا کوردەی \"ئیبراهیم یەزدانی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادار، ئەو مامۆستا کوردە یەکێک لە ئەندامی مەکتەب قورئانی شاری جوانڕۆ لە کوردستان بووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئیبراهیم یەزدانی بە تاوانی ئەندامبوون لە مەکتەب قورئان و بانگەشە کردن بۆ ڕێبازی ڕەوتی ئایینی مەکتەب قورئان بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو مامۆستا کوردە ئێستا لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان لە زیندان دایە.

بانگ کردن و لێپێچینەوە لە هاووڵاتیانی کوردی پەیڕەوی مەکتەب قورئان لە حاڵێکدایە کە ئەو ڕەوتە مەزهەبییەی کوردستان بە بەردەوامی پێداگری لە سەر چالاکییەکانی بە دوور لە سیاسەت و بانگهێشتکردنی خەڵکی و ڕێنوێنی کردنی هاووڵاتیان، کردووەتەوە.

پەیڕەوانی مەكتەب قورئان، كە پەیڕەوی لە قۆناغی سێهەمی ڕەوتی ئایینین، بەپشت بەستن بە لێکدانەوەکانی ئەحمەد موفتی‌زادە لە کتێبە ئایینییەکانی ئیسلام چالاکی دەکەن و \"ڕێنوێنیی خەڵک بەبێ‌ بانگەشەی سیاسی\" بە ئەركی خۆیان دەزانن.