مامۆستایەکی کورد بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:09 - 3 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کورد خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئومید شامحەممەدی، چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شاری دیواندەرە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، به یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەو بارەیەوە بڵاو کردەوە، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە ئەو مامۆستا کوردەی بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی\"، مەحکووم کردووە.

ئەو مامۆستا کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، ڕۆژێک پێش لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئومید شامحەممەدی و ناوبراویان دەستبەسەر کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، \"ئومید شامحەممەدی\" مامۆستای کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.