مامۆستایەکی کورد بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا

20:19 - 4 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شارستانی مەهاباد، مامۆستایەکی کوردی بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایەکی کورد بە ناوی \"یاسر ئەمینی ئازەر\"، کوڕی \"ئەحمەد\"، مامۆستای قوتابخانەکانی مەهاباد، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارستانەوە، بە ١٥ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

شۆرای بەڕێوەبەریی مەکتەبی قورئان، نیسبەت بەم حوکمە ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاند: \"دادگای ئینقلابی مەهاباد، ئەم حوکمەی بەسەر ئەم مامۆستایەدا سەپاندووە و پێداچوونەوەی حوکمەکەی ڕەت کردووەتەوە\".

\"یاسر ئەمینی ئازەر\"، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە کاتی چوونەدەرەوە لە قوتابخانە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم مامۆستایە، بە هاندانی قوتابییان بۆ داخرانی قوتابخانە لە کاتی مانگرتنی مانگی ڕەشەمەی ساڵی پێش و هاندانی مامۆستایان بۆ بەشداری لە مانگرتنەکان، تۆمەتبار کراوە.

٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧یش، ئەم مامۆستایە کوردە بە هۆکاری بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەریی مامۆستایان، بانگهێشتی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.