مامۆستایان لە کوردستاندا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن

20:34 - 12 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: مامۆستاکان لە شارەکانی کوردستاندا بە چوونە بەردەم ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ی بانەمەڕ، مامۆستایانی شارەکانی ورمێ، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، سەقز، زیوییەی سەقز، سنە، کامیاران و کرماشان لە بەردەم ئیداراتی پەروەردە و بارهێنان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانی خۆیان کرد.
ئەم کۆبوونەوانە بە داخوازیی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران بەڕێوەچوو.

مامۆستایان لە کوردستاندا، بۆ هۆکارەکانی ئەم کۆبوونەوانە ئاماژە بە \"نەبوونی ڕوانگەی زانستی لەسەر پەروەردە و بارهێنان، نەبوونی عیداڵەتی پەروەردە، نا وتن بۆ خسووسیکردنی قوتابخانەکان، سەرنج نەدان بە پەروەردەی خۆڕایی، سەرنج نەدان بە قوتابخانە کۆنەکان و ئیجرانەکردنی پەرنسیپەکانی یاسای بنەڕەتی لەگەڵ پەروەردە و بارهێنان و...\" دەکەن.

لە درێژایی ڕۆژەکانی ١٢، ١٣ و ١٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧دا، مامۆستایانی کورد بە داخوازیی شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، لە پۆلەکانیاندا ئامادە نەبوون.

مامۆستاکان خوازیاری بەدیهاتنی ئەو مافانەیانن کە لە لایەن شۆرای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێرانەوە ئاماژەیان پێ کراوە.

هەروەها لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ی ڕەزبەر و ڕۆژەکانی ٢٢ و٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧دا، مامۆستایان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەدینەهاتنی خواستەکانیان، مانیان گرتبوو.