٦٦ مامۆستا لە ئێران بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە

19:02 - 17 خاکەلێوه 2720

کانوونی سێنفیی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە، ڕایگەیاند: "هەتا کۆتایی پشووی نەورۆز ٦٦ مامۆستای دامەزراو و خانەنشینکراو بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە".

لە بەیاننامەی کانوونی سێنفیی مامۆستایاندا هاتووە: "زۆربەی مامۆستایانی قوربانی، مامۆستایانی خانەنشینکراو بوون".

هەروەها ئەوە بەیاننامەیە، ئاماژەی بەو ناوچانە کردووە کە زۆرترین مامۆستای تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەبووە کە بریتین لە: "ناوچەکانی باکووری ئێران، تاران، پارێزگای قوم، سیستان و بەلووچستان و لوڕستان".

لەو پەیوەندییەدا، هەواڵدەریی کار (ئیلنا) بڵاوی کردووەتەوە کە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان هەتا ئەمڕۆ هیچ ئامارێکی سەبارەت بە مامۆستایانی قوربانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو نەکردووەتەوە.