ماشینی ئێعدامەکان لە کوردستان وەکار کەوتووە

14:15 - 27 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەردەوامیی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە لایەن بەرپرسانی زیندانەکانی ورمێ و مەهاباد، نیگەرانیی چاوەدێرانی سیاسی و مافی مرۆڤیی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سیشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، ژنە هاووڵاتییەک لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباددا، بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، لە سێدارە درا.

شوناسی ئەو ژنە بە ناوی \"مەلیحە ساڵحی\"، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری \"میاندواو\"، ڕاگەیەندراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە: \"لەسێدارەدانی ئەو ژنە هاووڵاتییە، لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتیدا بووە، هەتا زیندانییانی دیکە ئاگاداری لەسێدارەدانی ئەو ژنە نەبن\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: \"ئەگەری زۆرە لەسێدارەدانی مەلیحە ساڵحی، ئەمنییەتی بووبێت\".

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، ٢٥ و ٢٦ی پووشپەڕ، ٦ هاووڵاتیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە تۆمەتی \"ماددەی سڕکەر و کوشتنی بەئەنقەست\"، لە سێدارە دران.