لە ئێران ڕۆژانە ٨٣/. کەس لە سێدارە دەدرێن

13:45 - 11 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا (خاکەلێوە هەتا خەرمانانـ)ـی ٩٧، حکوومەتی ئێران ١٥٢ حاڵەتی ئێعدامی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە بردووە.

بەپێی ئاماری ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٥٢ حاڵەتی لەسێدارەدان لە لایەن بەرپرسانی زیندانی شارەکانی ئێران بەڕێوە چووە، کە لە لایەن ئەو ناوەندەوە تۆمار کراوە.

حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان بریتییە لە: کوشتنی بەئەنقەست ٩٦ حاڵەت، قاچاغی مادە سڕکەرەکان ٣ حاڵەت، دەسدرێژی ١٤ حاڵەت، کوشتن و دزی چەکداری ٨ حاڵەت، هێرشی چەکداریی بۆ سەر دەوڵەت و خراپکاریی سەر زەوی ١٤ حاڵەت و کوشتن و دەسدرێژی ٦ حاڵەت.

بەپێی ئاماری ئەو ناوەندە، شاری کەرەج ٥٤، ورمێ ١٣، زاهدان و مەشهەد ١١ ، شیراز ٩، تاران ٨ حاڵەت، تەورێز و گورگان ٤ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە لە کۆی ئەو ١٥٢ هاووڵاتییە کە لە ماوەی ٦ مانگدا لە سێدراە دراون، ١٤٣کەسیان پیاو و کەسێکیان ژن بووە و ٨ کەس دیکە ڕانەگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوەیە بە ئاماژەکردن بە تەمەنی لەسێدارەدراوان ١٣ کەسیان تەمەنی لە نێوان ٣٦ هەتا ٥٢ ساڵ، ١٠ کەسیان لە نێوان ٢٦ هەتا ٣٥ ساڵ و ٤ کەسی دیکەیان لە نێوان ١٨ هەتا ٢٥ ساڵی ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئاماری ئەو سەرچاوە، یەک لەو ١٥٢ کەس لە شوێنی گشتیی و لە پێش چاوی خەڵک لە سێدراە دراوە و سەرجەم ڕۆژانە ٨٣/. کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی بڵاوکراوەکانی فەرمیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، \"ئێران دووهەمین وڵات لە دوای چینە، کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت و بە وڵاتێکی تەواو خراپ لە بوارەکانی مافی مرۆڤ دادەنرێت.