لە یەک‌ساڵ دەوڵەتداریی رۆحانیدا لە ئێران، ٨١٤ کەس لەسێدارە دراون

20:46 - 12 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش یەک ساڵ دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانی (١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ١٢ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی)، لە راپۆرتێکی شیکاری – ئاماریدا، کارنامەی مافی مرۆڤی دەوڵەتی رۆحانی لە پەیونەدی لەگەڵ جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان دەخرێتەروو، کە ئەو ئامارەش لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی دەوڵەتی ئەحمەدی‌نەژاد بەراورد دەکرێت.

بەپێی ئەم ئامارە ٨١٤ هاووڵاتی لە یەکەمین ساڵی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا لەسێدارە دراون، کە ئەو ژمارەیە لە ماوەی هاوشێوەی دەولەتی ئەحمەدی‌نەژاددا ٥٥٣ کەس بووە، کە ئەم ئامارە ٤٧% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئەم ئامارە ٤ زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، رەزا ئیسماعیلی، شێرکۆ مەعارفی و سمکۆ خورشیدی لەسێدارە دراون و ٣ زیندانیی سیاسیی دیکەش سزای لەسێدارە درانیان بۆ براوەتەوە و حوکمی ٥ کەسیش لە زیندانییە سیاسییە کوردەکان لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراونەتەوە.

لە ئێستادا ٢٥ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا چاوەڕێی سزای لەسێدارەدان دەکەن.

هەروەها لە ماوەی یەک‌ساڵی رابردوودا ١٣ زیندانیی سوننی مەزهەب حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە و حوکمی لەسێدارە دانی ٢ زیندانیی مەزهەبیی دیکەش لە دیوانی باڵای وڵات پەسند کراون.

سزای لەسێدارەدان بۆ کەسانێک کەلە کاتی ئەنجامدانی تاواندا تەمەنیان لەژێر ١٨ ساڵدا بووە، ١٦ حاڵەت بووە، کە سەرجەمیان لە سەرووی تەمەنی ١٨ ساڵییەوە حوکمەکانیان جێبەجی کراوە.

لە نێوان ئەو کەسانەی کە لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، ١٩ کەسیان ژن بوون و هەروەها ٦٩٧ کەسیشیان بە شێوەی گرووپی و لە دەستەی چەند کەسیی ٢ هەتا ١٦ کەسیدا لەسێدارە دراون.

بەپێی شوناسی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون، تەنیا شوناسی ٣٦٧ کەسیان روون بۆتەوەو ناسناوی ٣٤٠ کەسیان ناڕوون و ٨٥ کەسیان تەنیا پیتی یەکەمی ناو و ناوبانگیان و هەروەها ٢٢ کەسیشیان تەنیا ناوبانگیان بڵاو بۆتەوە.

هەروەها بەپێی شوناسی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون، بەگشتی ٧٣ کەسیان کورد، ٢١ کەسیان عەرەب، ١٦ کەس بەلووچ، ٥ کەس تورک، ٤ کەس ئازەری و ٣ کەسیشیان هاووڵاتیی ئازەری بوون.

هەروەها راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە ساڵی ١٣٩٢ بڵاو بوویەوە ، رایگەیاند وڵاتی ئێران بە ٦٨٧ حاڵەتی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان، ژمارەی پێوانەیی لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا شکاندووەو ئەو ئامارەش بە زیادبوونی ١٦% سەدەوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩١دا بڵاو بوویەوە.

خشتەی (١)

تۆمەتی هاووڵاتییانی لەسێدارە دراو لە ساڵی یەکەمی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا
\"21246.jpg\"

بەپێی ئەم ئامارە، زۆربەی ئەو کەسانەی لەسێدارە دراون، بەهۆی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە یاسا نێونەتەوەییەکاندا وەکوو \"تاوانێکی \"سەرەکی و جیدی\" ئەژمار ناکرێن.

مافناسان لەو باوەڕەدان رەوتی دادگایی کردن و بڕینەوەی سزای لەسێدارەدان لەلایەن دادگاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ناعادڵانەیە و ئەحمەد شەهیدیش لە راپۆرتێکدا کە بڵاوی کردبوویەوە، نزیک بە تێکرای تۆماتباران نە تەنیا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا، بەڵکوو بەبێ پارێزەریش دادگایی دەکرێن.

نیگەرانییەکان لە ماوەی دەسەڵاتداریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت نەتەوەکانی دیکەی ئێران بەردەوام لە ئارادا بووە، لەگەڵ ئەوەیکە ٤ گیراوی سیاسیی کورد لە سێدارە دراون، هاوکات ٢ زیندانیی سیاسیی عەرەب، ١٥ زیندانیی بەلووچ بە تۆمەتی \"بەشداری لە تەقینەوەدا\" و ١٦ زیندانیی عەرەبی ئەهوازی بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە جوندوڵڵا\"دا لەسێدارە دراون.

تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە \"موحاربە\" یان \"فساد و فی الارض\" کە پەیوەندییەان بە تاوانەکانی \"ئەمنیەتی میللی\"یەوە هەیە، بە رەهەندی جۆراوجۆر پێناسە دەکرێن و دەستی بەرپرسانی ئەمنی و قەزایی بۆ دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان ئاوەڵا دێڵێتەوەو بەهۆی نەبوونی ئامارێکی فەرمی لەمەڕ ئەو تۆمەتانە و تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، لەو پەیوەندییەدا ئامارێکی دروست لەمەڕ لەسێدارەدانی زیندانیان لە بەر دەستدا نییە.

هەرچەند دەزگای راپەڕاندنی وڵات (قوە مجریە) چاوەدێریی راستەوخۆی بەسەر لەسێدارەدانی زیندانیاندا نییە، بەڵام دەوڵەتی یازدەیەم لە پەیوەندی لەگەڵ بەڵێنییەکانیدا هیچ سەرکەوتنێکی نەبووەو هەر وەک بانکی مۆن، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ لە ژنێڤ رایگەیاندبوو؛ حەسەن رۆحانی سەرەڕای ئەوەی بەڵێنییەکی زۆری دابوو، بەڵام کارکردی دەوڵەتەکەی سەبارەت بە لەسێدارەدان هیچ گۆڕانێکی بەخۆیەوە نەبینیوەو درێژەدەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی پێشووە، کە بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی تاوان کەڵک لە سزای لەسێدارەدان وەردەگرن\".

ئەحمەد شەهید لە دوایین راپۆرتی خۆیدا گونجاندبووی کە رەشنووسی مافی هاووڵاتیی حەسەن رۆحانی، لەسێدارەدانی مێرمنداڵان و سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانە ئاساییەکان قەدەغە نەکراوەو هاوکاتیش رەوتی لەسێدارەدان لە دەوڵەتی رۆحانیشدا رووی لەزیادبوون کردووە.

هەروەها ناوی پیلای، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ریکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا (١٣٩٣) رایگەیاندبوو: \" ژمارەی لە رادەبەدەری لەسێدارەدانی هاووڵاتییان، کە هەست دەکەم ناعادڵانەن، یان لەسەر تۆمەتی بێ بنەما سزای لەسێداەردانیان بەسەردا دەسەپێت، نیگەرانیی ئێمەی لێکەوتۆتەوە\".

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش سەرەڕای ئەوەیکە نیگەرانیی خۆی لەمەڕ چوونەسەرەوەی سزای لەسێدارەدان لە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠١٣دا دەربڕیبوو، راشیگەیاندبوو کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرەکی‌ترین رێساکانی مافی مرۆڤ (واتە مافی سروشتیی ژیانی هاووڵاتییان)ی پێشێل کردووە.

ئێران لە پاش وڵاتی چین، زۆرترین ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیانی تێدا ئەنجام ئەدرێت.

خشتەی (٢)

ژمارەی لەسێدارەدانی زیندانیان بەپێی زیندانەکان لە ماوەی دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا
\"21247.jpg\"