لە گوندێکی سەقز، ڕێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی زمانی کوردی بەڕێوەچوو

11:38 - 24 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: فێرگەی کوردیی "مامۆستا زیرەک" لە گوندی سەرای سەقز بۆ دووهەمین جار، بڕوانامەی زمانی کوردیی پێشکەش بە دەرچووانی ئەم فێرگەیە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، لە گوندی سەرا سەر بە شاری سەقز، بۆ دووهەمین جار بڕوانامەی زمانی کوردی لەلایەن فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەکەوە، پێشکەشی دەرچووان کرا.

لەم گوندەدا بۆ دووهەمین جار خولی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوەچووه و ئەمساڵ وێڕای ئەم خولە، خولی فێرکاریی چیرۆکنووسین، لەلایەن مامۆستا "ئاسۆ"وە بە درێژایی سێ مانگ بەڕێوەچووە.

هەروەها بۆ یەکەمین جار خولی فێرکاریی نیگارکێشی لەلایەن "کانی حەسەنزادە"، پسپۆڕی ئەم بوارەوە بە درێژایی سێ مانگ بەردەوام بووە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، "هووشەنگ ڕەحیمی"، بە شێعرێکی "حاجی قادری کۆیی"، دەستپێکی کۆڕەکەی ڕاگەیاند و پاشان "سەرگوڵ ڕەحیمی"، بەرپرسی کتێبخانەی سەرا، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و لەسەر ماندوونەناسیی مامۆستای زمانی کوردی، مامۆستا "سووسەن حەسەنزادە" کە ماوەی دوو ساڵە خولی فێرکاریی زمانی کوردی لەم گوندەدا بەڕێوە دەبات، بەوردی دوا.

پاشان مامۆستا "کامیل"، مامۆستای گوندەکە، بە پێشکەشکردنی شێعرێک بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد.

مامۆستا "ئاسۆ" دوای دوانێکی چڕوپڕ سەبارەت بە گوندی سەرا و بەرزڕاگرتنی ئەرکی پیرۆزی "سەرگوڵ ڕەحیمی"، شێعرێکی پێشکەشی دانیشتووان کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا، "مستەفا ئیلخانیزادە"، بەرپرسی فێرگەی کوردیی ئەدەب، سەبارەت بە گرنگیی فێربوونی زمانی دایکی، قسەی کرد.

هەروەها "هەژار حەسەنزادە"، بەرپرسی فێرگەی مامۆستا زیرەک، دوای پیرۆزبایی بە خوێندکاران و حەوتووی پیرۆزی کتێب، هیواداری درێژەپێدانی ئەم ڕێگەیە بوو و شێعرێکی بەم بۆنەیەوە پێشکەشی دەرچووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، "ئەمین گەردیگلانی"، شاعیر و نووسەر، وێڕای پیرۆزبایی بە دەرچوووانی ئەم سێ خولە فێرکارییە، شێعرێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.

پاشان شاعیری دنیای منداڵان، "محەممەد ڕەسووڵنیا"، بە خوێندنەوەی چەند شێعری منداڵانە، سەرنجی خونچەکانی کۆڕەکەی بەرەو درێژەی ڕێوڕەسمەکە ڕاکێشا.

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، "خالید عینایەتی" شمشاڵژەن لەگەڵ هاوڕێی دەفژەنی، بۆ ماوەی چەند خولەک، ئاوپرژێنی ڕۆحی ڕێوڕەسمەکەی کرد.

هەروەها "سەلاح حوسێنی" بە خوێندنەوەی یەکێک لە شێعرە نیشتمانییەکانی، گوێگرانی بەرەو ئاشتی و یەکگرتوویی زیاتر، هان دا.

پاشان "خاترە دادبەخش"، خوێندکارێکی مامۆستا ئاسۆ، چیرۆکێکی خوێندەوە.

"کانی حەسەنزادە"، پسپۆڕی نیگارکێشیی منداڵان، لەو ڕێوڕەسمەدا بە دوان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەچوونی خولی فێرکاریی نیگارکێشی، خوازیاری پەرەپێدانی ئەم بەشە لە دنیای منداڵان بوو.

شاعیری دنیای منداڵان، "سەعدەدین خوسرەویـ"ـش لەو ڕێوڕەسمەدا بە خوێندنەوەی چەند شێعری منداڵانە، لەسەر گرنگیی پاراستنی فۆلکلۆر لە شێعری منداڵاندا دوا.

لە بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، "حوسێن شێربەگی"، چیرۆک‌نووس و ڕۆمان‌نووس، بە یارمەتیی ئەزموونی چەند ساڵەی لە بواری بەرپرسایەتیی کتێبخانە، باسی لە گرنگیی بوونی کتێبخانە لە گوند و لە شاران کرد.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، لە لایەن فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەکەوە، بڕوانامەی خوێندکاران پێشکەشی دەرچووان کرا.