لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا، ٦ زیندانی لە زیندانی ورمێدا ئێعدام کراون

14:10 - 26 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لە سێدارەدانی دوو زیندانیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە تۆمەتی پەیوەندییەدار بە \"ماددە سڕکەرەکانەوە\"، لە لایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە، جێبەجێ کرا.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، دوو زیندانی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە ناوەکانی \"موحەڕەم نێعمەتی\"، لە بەندی ٣ و٤ و \"عەسکەر بەرتەر\" لە بەندی ١٠ی ئەو زیندانە، بە تۆمەتی پەیوەندییەدار بە \"ماددە سڕکەرەکانەوە\"، لە سێدارە دران.

ماڵپەڕی \"هێرانا\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو دوو زیندانییە ئێعدام کراوە، لە ساڵی ٩٣دا دەسبەسەر و لە دۆسیەیەکدا سەبارەت بە ماددەی سڕکەر، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

ئەو سەرچاوەیە ڕۆژی ڕابروو باسی لە گواستنەوەی ئەو دوو زیندانییە لە ژووری تاکەکەسی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان کردبوو.

لەم پەیوەندییە و هەر لە زیندانی ورمێدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، چوار زیندانی بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\"، بە ناوەکانی \"هێمن بناوەندی\"، خەڵکی شاری پیرانشار، \"جەعفەر (ئیمان) محەممەدی\"، کوڕی ڕەسووڵ، \"محەممەد عارف (جەهانگیر) نەجفییان\"، لە بەندی ٣ و ٤ و \"مەحموود خالیدی\" لە بەندی ١٤ی زیندانی ورمێ، لە سێدارە دران.

لە کاتی دامەزرانی حکوومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زاییینییەوە، سزای لە سێدارەدان بۆ ئەو کەسانەی کە کاری کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر دەکەن، پەسەند کراوە.

حکوومەتی ئێران پاش چین، بە دووهەمین وڵات لە جیهاندا لە ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆی دێتە ئەژمار.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٧دا، ٥٥ هاووڵاتی لە کوردستان ئێعدام کراون و ١٠ هاووڵاتیی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.