لە پارێزگای كوردستان 1524 كەسی تووشبوو بە نەخۆشیی تایبەت هەیە

19:08 - 28 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: لێپرسراوی كاروباری كۆمەڵایەتیی پارێزگای كوردستان رایگەیاند، لە حاڵی حازردا كێشەی كەسانی هەڵگری نەخۆشیی تایبەت لە پارێزگای كوردستان بە نیسبەت پارێزگاكانی دیكەی ئێران زۆر زیاترە و پێویستە لێپرسراوانی حكوومەتی ئێران بایەخی پێ‌ بدەن.

محەممەد عەتا رەحمانی ئابیدەر ئاشكرای كردووە، زۆربەی هەرە زۆری نەخۆشە تایبەتەكانی پارێزگای كوردستان لە چینی كەم داهات و هەژاری كۆمەڵگان و لەباری مادییەوە توانای دابین كردنی تێچووی نەخۆشخانە و دەرمانیان نیە.

رەحمانی ئابیدەر بە هەواڵدەریی \"فارس\"ی راگەیاندووە، ناوەندە دەرمانی و لێپرسراوانی زانستگای زانستی پزیشكی حكوومەتی تاران دەتوانن رۆڵێكی بەرچاویان لە یارمەتیی كردن بەو نەخۆشە كەم داهاتانە هەبێت.

بە وتەی ئەو لێپرسراوە، زۆربەی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی تایبەت لە شارەكانی سنە، سەقز و مەریوان پێكهاتوون.

لە حاڵی حازردا 1524 كەسی تووشبوو بە نەخۆشیی تایبەت لە پارێزگای كوردستان هەیە.

لە كۆی گشتیی ئەو ئامارە 589 كەسی تووشبوو بە نەخۆشیی \"MS\" 374 كەس پێوەندی گورچیلە، 327 كەس نەخۆشی دیالیز، 142 كەس تالاسیمی و 92 كەس نەخوشی هێمۆفیلی هەیە.