لە ورمێ‌رێز لەساڵرۆژی كوچی دوایی جگەر خوێن شاعیری نەتەوەیی كورد گیرا

20:30 - 7 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: دامەزراوەی فەرهەنگی ئەندیشەی ئەحمەد خانی رێزی لە 27 ساڵەی كوچی دوایی شاعیری نەتەوەیی كورد جگەر خوێن گرت.
بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە شاری ورمێ‌، بەشدارانی رێورەسمەكە بە مەبەستی رێزگرتن لە یادی گیان لە دەستدانی هاووڵاتیانی كوردی شاری وان لە پێوەندیی بوومەلەرزەی چەند رۆژ لەمەوبەرەوە، یەك دەقە بێدەنگیان راگەیاند.
لە بەشێكی دیكەی رێوروسمەكەدا هێندێ‌شاعیری بە ناوبانگ لە سەر كەسایەتی جگەر خوێن بۆ بەشداران دوان و ئەو شاعیرەیان بە شاعیری نەتەوەیی كورد وەسف كرد.
ئەو كەساییەتیانە لەو باوەڕەدابوون كە جگەر خوێن هەموو تەمەنی خۆی لە پێناو خزمەت كردن بە فەرهەنگی كورددا دانا.
لە كۆتایی رێورەسمەكەدا هێندێ‌لە شێعرەكانی جگەر خوێن خوێندرانەوە.
جگەر خوێن لە ساڵی 1903 لە گوندی \"حەسار\"ی كوردستانی توركیە لە دایك بووە.
جگەر خوێن چەندین بەرهەمی بە نرخی وەكوو، سێ‌بەرگ فەرهەنگ، 8بەرگ وەرگیران و 9 دیوان، لە پاش خۆی بە جێهێشتووە.
ئەو شاعیرەی نەتەوەی كورد لە ساڵی 1984 لە وڵاتی سوئێد كوچی دوایی كرد.