لە ماوەی کەمتر ٤٨ کاتژمێر چوار هاووڵاتی کورد ئێعدام کران

14:13 - 30 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری کرماشان، لە زیندانی ناوەندی شاری زنجان لە سێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری زنجان، حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری کرماشانیان، جێبەجێ کرد.

شوناسی ئەو زیندانییە ئێعدام کراوە \"هیدایەت محرابی\" تەمەن ٣٧ ساڵ کوڕی برزوو خەڵکی شاری کرماشان، ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ساڵی ٩٣ دەسبەسەر و ساڵی ٩٦ حوکمی لە سێدارەدانی لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

لە پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، بەرپرسانی زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، حوکمی لە سێدارەدانی سێ زیندانییان لە زیندانی ئەو شارە، جێبەجێ کرد.

ئەو سێ هاووڵاتییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" حوکمی\" قیساس\"یان بە سەردا سەپا بوو.