لە سەوڵاوا هاووڵاتییەک بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکییەوە گیانی لەدەست دا

15:22 - 20 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەک لە شاری سەوڵاوا بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکییەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٨ی رەشەممە هاووڵاتییەک بەناوی \"فەتاح\" بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی و کادری شارەزا و پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی شاری سەوڵاوا ژیانی خۆی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \"گۆشخانی\"ی سەربە شاری سەوڵاوا بووە کە بەهۆی تەنگە نەفەسی و نەبوونی کەپسوولی \"ئۆکسیژن\" لە ناوەندی دەرمانیی شاری سەوڵاوا گیانی لەدەست داوە.

پێشتریش مامۆستایەکی قوتابخانەکانی شاری نەوسوود بەهۆی نەبوونی دەوا و دەرمان و ئیمکاناتی سەرەتایی پزیشکی لە ناوەندی دەرمانیی بەخشی نەوسوود، گیانی لە دەست دابوو.

\"ئومید کەریمیان\" نوێنەری خەڵکی شاری سەولاوا و مەریوان لە مەجلیسی ئێران رایگەیاندبوو: کە ناوەندی دەرمانیی شاری سەوڵاوا لە زۆربەی ئیمکاناتی تەندروستی و دەرمانی بێبەرییە وهەموو رۆژێک هاووڵاتییان بەرەوڕووی کێشە و گرفت دەبنەوە.

شاری سەوڵاوا ٨٢ گوند و زیاتر لە ٦٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و زۆربەی گوندەکانی ئەو شارە لە ئیمکاناتی پزیشکی و دەوا و دەرمان بێبەرین و هیچ چەشنە ئاوڕێکیان لەلایەن وەزارەتی بێهداشتەوە لێ نادرێتەوە.
ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە نەخۆشە تایبەتییەکان و ژنانی ٢ گیان لە ئێران، بەهۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان و کەمیی دەوا و دەرمان بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە و گیانیان لەدەست ئەدەن، کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە پەراوێز خراوەکاندا چەندین بەرابەر زیاترە.