لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە پارێزگای ورمێدا، ٢٤ کرێکار گیانیان لەدەست داوە

10:53 - 14 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٤ کرێکار لە پارێزگای ورمێ، بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.

بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای ورمێ، ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەزبەر، لەو وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیرنا" ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە پارێزگای ورمێدا، ٢٤ کرێکار بەهۆی ڕووداوی کارەوە بوونەتە قوربانی".

بە وتەی "ڕەسووڵ ڕۆشەنی"، ئەو ڕێژەیەی گیانلەدەستدانی کرێکاران، بەهۆی ڕووداوی کارەوە بە براورد لەگەڵ ساڵی ٩٧، لە سەدا ٤١ بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە و لە ساڵی ڕابردوودا، ١٧ کرێکار گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، لە کۆی گشتیی ئەو ٢٤ کەسە، ٢٣ کەسیان پیاو بوون و ١ کەسیشیان ژن بووە.

بەربوونەوە لە بەرزایی و بەرکەوتنی شتی قورس، لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو کرێکارانە بوونە.

"ڕۆشنی" هەروەها ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵدا، ٦١٧ کەس لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار هاتوون و لە کۆی ئەو ٦١٧ کەسە ٦٠٥ کەسیان پیاو بوون و ١٢ کەسیشیان ژن بووە".

"گیانلەدەستدانی بێدەنگی کرێکاران" دەستەواژەیەکە کە لە لایەن چالاکانی مەدەنی، لە پەیوەندی لەگەڵ مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا کە تووشی ڕووداوی کار دەبەن، بە کار دەبرێت.