لە سێ مانگدا ٤٢١ کرێکار لە ئێراندا گیانیان لەدەست داوە

12:09 - 25 خەرمانان 2719

ئاژانسی کوردپا: لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا، ٤٢١ کرێکار لە ئێراندا بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار و گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی، ٤٢١ کرێکار لە پارێزگاکانی ئێران، لە کاتی کارکردندا تووشی ڕووداوی کار بوون و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ئەو ٤٢١ کرێکارە، ٤١٧ کرێکاریان پیاو بوون و ٤ کرێکاری ژنیش کە بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار، بەرچاو دەکەوێت.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە  ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ١٧.٩ لەسەد زیادی کردووە.

شارەکانی تاران بە ١١٠ کەس، ئیسفەهان بە ٢٧ کەس و خوراسانی ڕەزەوی و مازندەران هەر کامەیان بە ٢٥ کەس، قوربانیی ڕووداوی کاریان هەبووە.

١٥٤ کرێکار بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ١١٣ کرێکار بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس، ٦٠ کرێکار بەهۆی کارەباگرتووی، ٤٣ کرێکار بەهۆی سووتاوی و ١٧ کرێکار بەهۆی خنکان و هەروەها ٣٤ کرێکاری دیکە کە هەنووکە هۆکاری گیان لەدەستدانیان ڕوون نییە، بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار.